ناوی گرووپێکی بەکارهێناوە

پۆلیسی هەولێر کەسێکی دەستگیر کردووە هەڕەشەی لە دوو ژن کردووە

ژێوار خدر

پۆلیسی هەولێر راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، لەسەر سکاڵای ژنێک کەسێکیان دەستگیر کردووە کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لێکردووە.

لە راگەیاندراوەکەی پۆلیسی هەولێردا، کە ئەمڕۆ ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە و هاتووە، لە  14.1.2024 دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری داوە بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار بەپێی مادەی (2) ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، کەسێکیان دەستگیر کردووە، کە کۆمەڵێک ڤیدیۆی نەشیاوی کەسی سکاڵاکەر و ئامۆزایەکی لەبەردەست بووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە لە بەرامبەر وەرگرتنی برە پارەیەکدا.

بەپێی راگەیاندراوەکە، لەناو مۆبایلی ئەو کەسە چەندین وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی سیحر و جادوو و وێنەی ماددەی هۆشبەر و تۆماری دەنگی و هەڕەشەکردن دژی ژنانی تێدا بووە، تۆمەتبار چەندین پەیجی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست کردووە بە ناوی گرووپی گۆڤەند (CTS) بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو، هەروەها بەکارهێنانی ناوی ئەم گرووپە وەك هەڕەشەكردنێك بووە لەسەر ژنان و كچان، بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیكی زۆر بەرامبەر بەوەی كە وێنە و ڤیدیۆكانیان بڵاونەكرێتەوە .