31ـى 7 کۆتا وادەیە

ئەگەر قەرزاری وەزارەتی کارەبای ئەم هەفتەیە فریای خۆت بکەوە

964+
میدیا گۆران

لێخۆشبوون بە رێژەی 20% لە بڕی پارەی کەڵەکەبووی پسوڵەی کارەبا تەنیا هەفتەیەکی ماوە و لەدوای 31.7.2024 لێخۆشبوونەکە نامێنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 22.7.2024 وەزارەتی کارەبا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، تەنیا هەفتەیەک کات ماوە بۆ بڕیاری لێخۆشبوونی 20% لە پارەی کەڵەبووى قەرزى کارەبا.

وەک ئەوەى وەزارەتەکە باسى دەکات، لەدوای 31.7.2024 هەر هاوڵاتییەک کە پارەی کەڵەکەبووی پسوڵەی کارەبای لەسەر بێت ئەم بڕیارە نایگرێتەوە و دەبێت بڕی پارەکە وەکو خۆی بێ هیچ لێخۆشبوونێک بدات.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 27.3.2024 بڕیاری لێخۆشبوون لە پارەی کەڵەکەبووی هاوڵاتیان بە رێژەی 20%دەرکرد.

ئاکۆ حەمە رەشید، لێپرسراوى فرۆشتنى وزە لە بەڕێوەبەرایەتیى دابەشکردنى کارەباى سلێمانى/ رۆژهەڵات، پێشتر روونکردنەوەیەکى بڵاوکردبووەوە دەڵێت، پرسیارى زۆرمان بۆ دێت لە بارەى داشکاندنى 20%ـى کرێى کارەبا، بەڵام پێویستە هاوڵاتیان بزانن داشکاندنەکە، تەنیا بۆ ئەو کاتەیە، کە کرێیەکە دەدەن، ئەگەر درەنگ بکەوێت رەنگە ئەوکات بڕیارەکە کۆتایى هاتبێت.

روونى دەکاتەوە، ئەگەر هاوڵاتییەک 800 هەزار کرێى کارەبا قەرزدار بێت و بە چوار قیست بیداتەوە، هەر قیستێکى دەبێت بە 200 هەزار، بۆیە ئەگەر ئێستا یەک قیست بدات 160 هەزارى لێوەردەگیرێت و 600 هەزار قەرزى لەسەر دەمێنێت، ئەگەر بڕیارى داشکاندنى 20%ـەکە بەردەوام بوو بۆ هەر قیستیک 160 هەزارى لێوەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە هەڵگیرا، دەبێت کۆى ئەو قەرزەى ماویەتى بەبێ داشکاندن بدات.