راپەڕین
سێ کەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلێک دەستگیرکران
964+
ژێوار خدر
ئەمڕۆ یەکشەممە پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، هێزەکانیان لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوان ئاگادار کراونەتەوە، کە ئۆتۆمبێلێکی گومانلێکراو لە جۆری ئۆپترا بە رەنگی سپی لە یەکیک لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلی سنووری دەڤەری راپەڕیندا هەیە، ئەوانیش دوای لێکۆڵینەوە دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گرتووە و سێ کەسیشییان بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلەکە دەستگیرکردووە.
بە پێی راگەیاندراوەکەی پۆلیسی راپەڕین، تۆمەتبارەکان هەرسێکییان لە رەگەزی نێرن و دانیشتووی قەزای سۆرانن، بە ناوەکانی (د، م، ق) لە دایکبووی ساڵی 2004، (م.م.ق) لە دایکبووی ساڵی 2006 و (ک.و.س) لە دایکبووی ساڵی 2004.
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، تۆمەتبارەکان لە بەردەم دادوەر، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، کە لە قەزای سۆران ئۆتۆمبێلەکەیان دزیوە و بە مەبەستی ساغکردنەوە هێناویانە بۆ پێشانگاکانی ئۆتۆمبیل لە سنووری ئیدارەی راپەڕین.
ئێستا هەر سێ تۆمەتبار بە پێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی بەپێی فەرمانی دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.