گردبوونەوە هەیە

لە دەربەندیخان رێگەیەکی چوون بۆ سلێمانی داخرا

964+

بڕوا مەجید – دەربەندیخان

یەکێک لە رێگە لاوەکییەکانی چوون بۆ سلێمانی لە دەربەندیخاوەنەوە لەلایەن ژمارەیەک وەرزشکارەوە داخراوە، “ئەوان داوای دانانی رووناکی دەکەن لە یاریگایەکی قەزاکەیان”.

پەیامنێری 964 ئاماژەی بەوەکرد، ئەو رێگایەی داخراوە بارهەڵگرەکان تێیدا هاتوچۆ دەکەن، داواکاری سەرەکی ئەوان ئەوەیە، “خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ یاریگایەکی قەزاکە دابین بکرێ، بەتایبەت دانانی رووناکی لە یاریگای مەحمودی مامە عەزە و بەو ئامانجەش گردبوونەتەوە”.

زمناکۆ قادر، راهێنەری وەرزش و بەشدار لە گردبوونەوەکە بۆ 964 وتی، “ئامانج لەگردبونەوەکەمان نۆژەنکردنەوەی چیمەنی یاریگای شەهید مەحمود مامەعەزەیە کەچیمەنەکەی بەتەواوی لەناوچووە، لەگەڵ ئەوەشدا گەڕاندنەوە روناکی بۆ ناو یاریگاکەیە کە بەشێک لە بلاجکتۆری یاریگاکە خراپبوون”.

زمناکۆ قادر وتیشی، ” یاریگاکە ماوەی 11ساڵە دروست کراوە لەپێشوودا چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە و لەلایەن سەرۆکی یانەوە گڵۆپی رووناکردنەوەکانی گۆڕدراون و نوێکراونەوتەوە، بەڵام ئێستا بەشەو یاریگاکە تاریکە و بە رۆژیش بەهۆی دڕانی فەرش وچیمەنی یاریگاکەوە ناتوانرێت یاری تێدا بکرێت”.

پەیامنێری 964 ئاماژەی بەوەشکرد، گردبوونەوەکە نزیکەی یەک کاتژمێری خایاندووە، دوای گەیاندنی پەیامەکەیان رێگەکەیان چۆڵ کردوە و هاتوچۆ ئاسایی بووەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا