هێشتا ته‌رمى دوو منداڵه‌كه‌ش ماون

تەرمی پیاوه‌ خنكاوه‌كه‌ له‌ رووباری گەلی عەلی بەگ دۆزرایەوە

964+

ئاکام غەفور – سۆران

كه‌مێك پێش ئێستا تەرمی پیاوێك لە رووبارى گەلی عەل بەگ دۆزرایەوە كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر خنكابوو.

پیاوه‌كه‌ گەشتیارێك بوو لە رۆژانى 17.7.2024 لە کاتی مەلەوانی کردن لە روبارەکە خنکا.

کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بە 964ـی وت، دوای گەڕانێکی زۆر توانییان تەرمی ئەو پیاوە بدۆزنەوە.

وتیشی “هەر لە نزیکی ئەو شوێنەی خنکابوو تەرمەکەمان دۆزیەوە”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ته‌رمه‌كه‌ رەوانی پزیشکی دادی سۆران دەکرێت و دواتر رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.

ئەمسال لە روبارەکانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نۆ کەس خنکاون، کە تەرمی دوو منداڵی دیكه‌ تاوه‌کو ئێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن