فەرمانگەیەکی بەردەڕەش تەنیا دوو فەرمانبەری هەیه

+964
عەمار عەزیز – زاخۆ

فەرمانگەی جێبەجێکردنی دادی قەزای بەردەڕەش تەنیا دوو فەرمانبەری هەیە، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كه‌ش قسه‌ی بۆ تۆڕی 964 نه‌كرد.

کامل فەرقۆ عوسمان، ژمێریار لە فەرمانگەی جێبەجێکردنی دادی لە قەزای بەردەڕەش، بە تۆڕی  964ی وت “ئێمە رۆژانە 15مامەڵەی هاوڵاتیان وەردەگرین لەگەڵ فایلەکانی پێنج پارێزەر، لەمە زیاتر ناتوانین مامەڵەی هیچ کەسێکی دیكه‌ وەربگرین، چونکە ئێمە تەنیا دوو فەرمانبەرین و لەگەڵ بەڕێوەبەر دەبینە سێ کەس”.

سنووری جوگرافیای فەرمانگەکە فراوانە، ناوەندی بەردەڕەش لەگەڵ ناحیەکانی روڤیا، دارەتوو، کەڵەک و قەسرۆك پێكدەهێنێت.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، هاوڵاتیان بە لایەنی کەمه‌وه‌ دوو بۆ سێ کاتژمێر چاوەرێ دەبن تا مامەڵەکانیان له‌و فه‌رمانگه‌یه‌ تەواو دەبێت.

نادر ساڵح، هاوڵاتییەكی دانیشتووی قەزای بەرەڕەشە، بۆ تۆڕی 964 باسی لەوە كرد، دوێنێ كاری لە فەرمانگەكە هەبووە و سێ كاتژمێر چاوەڕێی كردووە.

فەرمانگەی جێبەجێکردنی دادی قەزای بەردەڕەش، 2012-2013 لە دادگای قەزاکە جیاكراوه‌ته‌وه‌، ئێستا لەناو باڵەخانەیەکی بچووک دەوام دەکەن و ته‌نیا دوو ژووریان هەیە.

تۆڕی 964 هه‌وڵی دا بەڕێوەبەری فەرمانگەكە بدوێنێت، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك بدات.