بریندارکردنی ترەمپ
دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی بووەتە گاڵتەجاڕی میدیا و خەڵکی ئەمریکا
ژووری هەواڵ
چەند گولـلەیەک بەلای سەری سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا گیزەیان دێت، دانەیەکیان گوێچکەی راستی بریندار دەکات و تەنیا چەند سانتیمەترێکی ماوە سەری بپێکێت و ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان لەناو ببات.
دەنگی شەش گولـلە دێت، خوێن بە سەروملی ترەمپدا دێتە خوارەوە، چەند پاسەوانێکی قات رەشی چاویلکە رەش لە دەوری سەرۆکن، هەموویان پێکەوە شپرزە دەبن و نازانن چی بکەن، لەو دۆخەدا هێشتا ترەمپ لەوان جەسوورترەو ناشڵەژێ، مست و مەچەکی خوێناوی بەرز دەکاتەوە وەک ئەوەی بە لایەنگرانی بڵێت: هیچ نەبووە من لەسەر پێی خۆم وەستاوم.
کاتێک پاسەوانەکان، ترەمپ دەبەنە ناو ئۆتۆمبێلە گولـلەنەبڕە جامڕەشەکە، دانەیەکیان هەرچەند تەقەللا دەدات دەمانچەکەی بۆ ناخرێتەوە ناو کیفەکەی سەر کەمەری، ئەوەی دیکەشیان پشت لە کامێراکان دەکات بۆ ئەوەی چاویلکەکەی بکاتەوە چاوی، ئەم دوو دیمەنەی دوایی بووەتە جێی گاڵتەجاڕی میدیای ئەمریکی و جیهانی.
لە ئەمریکا دەزگایەک هەیە بەناوی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی، ئەندامانی ئەم دامەزراوەیە کەسانی راهێندراوو چاو نەترس و بەئاگان، وردو تێبینیکارن، لە دۆخە زۆر سەخت و نالەبارەکاندا دەتوانن کاربکەن، هەرچی کاری هەرە قورسی ئەمنی هەیە بەمانە دەسپێردرێت.
بەڵام ئێستا لەئەمریکا مقۆمقۆیەکی گەورە دروست بووە، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە چۆن ئەو دەزگایە هێشتیان گەنجێکی 20 ساڵ بە چەکەوە بگاتە شوێنێک کە کەمتر لە 150 مەتر لە سەرۆکەوە دوورە؟ بۆچی کاردانەوەیان ئەوەندە نەزانانە بوو؟ بۆچی زانیاری پێشوەختەیان نەبوو؟ بۆچی ئەو باڵاخانەو سەربانانەیان کۆنترۆڵ نەکردبوو کە لەدەوری شوێنی وتاردانەکەن؟