ژنەکەى دەبێتە بینایى بۆى

15 ساڵ نابینایى؛ چیرۆکى پیاوێکى سەرکەوتوو

964+

وریا فەتاح

زۆرن چیرۆکى ئەو پاڵەوانانەى بە تونێلێکى تەنگەبەردا تێدەپەڕین و سەرکەوتوو دەبن، دەشێت چیرۆکى وەلى نورى یەکێک لەوان یان بەهێزتر بێت لەوان، چیرۆکێک لە ژیانێکى تاریکدا رێ دەکات و ژنێک دەبێتە رۆشایى و رێگاکەى بۆ رووناک دەکاتەوە.

وەلی نووری لە ساڵی 2009 و لە تەمەنى 18 ساڵیدا لە ئەفغانستان وەک وەرگێڕ بۆ سوپاى بەریتانى دەستبەکارکردن دەکات.

“لە کابول گەورە بووم بۆکسێنەر و راکەرێکى زۆر باش بووم، بۆ ئەوەی خۆم لە دۆخێکی باشدا بمێنمەوە خوێندنم تەواو کرد و حەزم دەکرد بچمە زانکۆ، بەڵام خێزانەکەم زۆر هەژار بوون و پێویست بوو پشتگیریان بکەم، چونکە برسی بوون، باوکم توانای کارکردنی نەبوو و پێنج خوشک و چوار برام هەیە”، وەلى واى بە بى بى سى بەریتانى وتووە.

لە درێژەى گێرانەوەکەیدا وەلى باس لەوە دەکات، لە تەمەنى 18 ساڵى وەک وەرگێڕ و راوێژکاری رۆشنبیری پەیوەندی بە سوپای بەریتانیاوە کردووە، کارەکەى یارمەتیدانى سوپاى بەریتانیا و هێزەکانى ئەفغانستان و مەدەنییەکان بوو.

رۆژێک لە کار پرسیارى لێدەکەن کە ئایا دەتوانێت بچێتە پارێزگاى هێلمەند، وەلى هەرچەند دەزانێت قبوڵکردنى رەنگە بە مەرگى کۆتایى بێت، چوونکە وەک خۆى دەڵێت ئەوێ وەک دۆزەخ بوو و رۆژانە خەڵک دەمردن، بەڵام بژێوى ژیان ناچارى دەکات و بە بەڵێ وەڵامیان دەداتەوە و رازى دەبێت.

لە کاتى کارکردنیدا لە هێڵمەند پێى دەنێت بەسەر تەقینەوەیەکدا و چیرۆکى ئەو ساتە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە ،”فڕێیدامە سەرەوە و بەرزى کردمەوە دواتر کەوتمە خوارەوە، لەو ساتەدا پێموابوو دەمرم، وەک خەونێک دەهاتە بەرچاوم هەموو دەموچاوم خوێن بوو، سەرجەمى ددانەکانم شکا بوو، هەناسەم وەستا، خێرا دەستم خستە قوڕگمەوە و پارچەیەکم دەرهێنا، هیچم نەدەبینى، ئەوەندەم زانى بە کۆپتەر بردیانم و دوو هەفتە لە کۆمادا لە نەخۆشخانەیەکى سوپا لە کابوول مامەوە”.

پێم وابوو ژیانم کۆتایی هاتووە

پزیشکەکان چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد کە لە ژیاندا بم. کاتێک هۆشم هاتەوە ناچار بووم ناوم بۆیان بنووسم و تەلەفۆن بۆ خێزانەکەم بکەن بۆ ئەوەى بزانن چى روویداوە، کاتێک دایکم و باوکم بۆ یەکەمجار هاتن، کاتێکی زۆر سەخت بوو بۆیان، توانیم هەستمەوە و دابنیشم بۆ ئەوەی ئەوەندە خراپ دەرکەرنەکەوم و هەوڵمدا زەردەخەنەیان بۆ بکەم، بەڵام هێشتا نەمدەتوانى قسە بکەم، وەلى بەم شێوەیە باسى دۆخەکەى دەکات.

دەشڵێت: ئاسان نەبوو، چەند ڕۆژێکی زۆر تاریکم بەسەر برد، پێشتر راکردن و شاخەوانیم زۆر خۆشدەویست، بەڵام پێم وابوو رۆژانی راکردنم کۆتایی هاتووە، هەستم دەکرد پیاوێکى تاقانەم و لە کۆتاییدا لەگەڵ خێزانەکەم لە ئەفغانستان ژیامەوە، من نەمدەزانی چۆن تا کۆتایی ژیانم تێدەپەڕم و پێم وابوو کەس نایەوێت هاوسەرگیریم لەگەڵ بکات.

ژنێک گۆچانەکەى وەلى فڕێدەدات

15 ساڵ نابینایى؛ چیرۆکى پیاوێکى سەرکەوتوو

ساڵى 2012، وەلى هاوسەرگیرى دەکات و دەبێتە لایەنگرێکى بەهێز بۆى، وەک خۆى وتویەتى، گۆچانەکەى فڕێدام و پێى وتم “من دارەکەتم”، زۆر میهرەبان بوو هەر کاتێک دڵتەنگ دەبوو پێى دەوتم”من لێرەم”.

ئێستا وەلى و هاوسەرەکەى خاوەنى سێ مناڵن و چیرۆکى ژیانیشیان بە “میهرەبانانە”، وێنا دەکات.

شازادە هارى دەستى لێدەدات

“لە کاتی ژیانم لە ئەفغانستان نەمتوانی کار بکەم، هەرچەندە ویستم، سوپای بەریتانیا مووچەی یەک ساڵیان پێدام، ساڵی 2014 لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە پێم گوترا کە شایستەی ئەوەم لەگەڵ خێزانەکەم بێمە بەریتانیا، دواتر گەیشتمە ئەوێ و خەونەکانم ژیانەوە”، وەلى وا دەڵێت.

ئەو ژیانکردنى بەریتانیاى زۆر بەلاوە خۆش دەبێت، چەند هاوڕێیەکى پەیدا کردووە و لە یانەى راکردن خەونەکانى دەنوسێتەوە، بەوەوە ناوەستێت و ئێستا خاوەنى 21 مەدالیاى راکردن و سێ مەدالیاى مەلەوانییە.

ئەو دواى ئەوەى لە ئەیلولى ساڵى رابردوو وەک نوێنەرى بەریتانیا لە پاڵەوانێتییەک چوار مەدالیاى زێڕ بەدەست دەهێنێت، کەسێک لێى نزیک دەبێتەوە و دەست دەخاتە دەستییەوە، وەلى پێى دەڵێت تۆ کێى، دەنگێک بە پێکەنینەوە پێى دەڵێت “من شازادە هاریم”، ئەو چیرۆکانەشى بە باوەڕپێنەکراو وێنا دەکات.

شازادە هارى و وەلى

شازادە هارى و وەلى

وەلى نورى خەونى زۆرى ماوە پێیان بگات، بەڵام ئێستا سەرقاڵى نوسینى کتێبەکەیەتى و بڕیارە 12ـى ئەیلول چاپ بکرێت.