ئەندازەی پاڕكه‌كان ده‌ڵێت "قه‌ده‌غه‌كراو نییه‌"

نزیكه‌ى 700 دارى قه‌ده‌غه‌كراو له‌ شەقامی 60 مه‌ترى هەولێر چێندراون

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و دار واشنتۆنیایانه‌ى له‌ سه‌نته‌رى هه‌ولێر چێندراون قه‌ده‌غه‌كراو بن، چونكه‌ ده‌ڵێت “تا ئێستا هیچ نه‌خۆشییه‌كیان بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌.

پاڕكه‌كانى هه‌ولێر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئێستا خه‌ریكی هه‌ڵپاچین و رێكخستنه‌وه‌ى داره‌كانى دوورگەی ناوەندی شەقامی 60 مه‌ترین له‌ هەولێر كه‌ نزیکەی 700 دارى جۆرى واشنتۆنیاى لێ چێندراوه‌.

به‌ پێی یاسای كه‌ره‌نتینه‌ى کشتوکاڵى عێراقی، كه‌ له‌ ساڵى 2012 ده‌رچووه‌ و له‌ 2020 یش رێنمایی نوێی بۆ داندراوه‌، هێنانى ئه‌م جۆره‌ داره‌ قه‌ده‌غه‌كراوه.

پێشتر، كه‌مال ره‌سوڵ، به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى پلاندان له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێم، بۆ 964 ئاشكراى كرد‌بوو كه‌ هێنانى دارى واشنتۆنیا بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق قه‌ده‌غه‌یه‌.

وتیشی “قه‌ده‌غه‌كردنى ئه‌م جۆره‌ داره‌ به‌ پێی لیستى نه‌مام و داره‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانى عێراقه‌، كه‌ ئێمه‌ش پێیه‌وه‌ پابه‌ندین”.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردبوو، كه‌ هه‌ر به‌پێی لیستی داره‌ قەدەغەکراوەکان، دارەکانی زه‌یتون و سێو و چه‌ندین جۆرى دیكه‌ش قه‌ده‌غه‌ن، چونكه‌ ده‌ڵێت “زۆربه‌یان نه‌خۆشی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌”.‌

ئەندازەی پارکەکانی هەولێر پشووی نییە

ئەندازەی پارکەکانی هەولێر پشووی نییە

له‌ به‌رامبه‌ردا، رێبین ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بۆ 964 ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ داره‌ قه‌ده‌غه‌كراو بێت.

وتیشی “ئه‌م جۆره‌ داره‌ له‌ ساڵى 2008 ـه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر چێندراوه‌ و تا ئێستاش هیچ نه‌خۆشییه‌كی بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، تا ئێستا نه‌یانزانیوه‌ ئه‌م جۆره‌ داره‌ قه‌ده‌غه‌كراوبێت و ده‌شڵێت، ئێستاش به‌ به‌رده‌وامى ده‌چێندرێت، به‌ تایبه‌تیش له‌ پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان.

پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌م داره‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌، بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دارى واشنتۆنیا کۆمەڵێک سیفاتی زۆر باشی هەیە، له‌وانه‌ش بەرگەی گەرما و سەرمای زۆر باش ده‌گرێت، پێویستی بە ئاوی زۆر نییە، هەمیشە سەوز، بەرگەی رەشەبای بەهێز ده‌گرێت و بە شێوازی ستوونیش گەشە دەکات.