كاریگەری لەسەر نرخی دۆلار دەبێت؟

بەغدا داوا لە واشنتن دەكات چاو بە سزای بانكە عێراقییەكاندا بخشێنێتەوە

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە برایان نێڵسۆن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە کرد، چاو بەو سزایانەدا بخشێننەوە، كە بەسەر 32 بانکی عێراقدا سەپێنراون.

بە پێی راگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، كە كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە، فوئاد حوسێن، كە ئێستا لە ئەمریكایە،  بۆ برایان نیلسۆن دڵنیایی داوە، ئەو بانکانە كەوتوونەتە ناو پڕۆسەی چاکسازیی پێکهاتەیی لە عێراق، هاوکات نیلسۆن ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ یارمەتیدانی عێراق دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازییەکان.

لە راگەیاندراوەكەدا، كە شەوی رابردوو بڵاوكرایەوە، فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە برایان نیسلۆن کۆبووەوە.

وەزیری دەرەوە پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بۆ پێشخستنی چاکسازی و رێوشوێنه ئابوورییەکانی پەیوەست به سیستمی بانکی لە عێراق و كەرتی وزە دووپاتكردووەتەوە.

“سیاسەتی حکومەت هەوڵدەدات سەربەخۆیی وزەی عێراق بەدەستبهێنێت لە رێگەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی غازی پەیوەندیدارەوە، هەروەها پەرەپێدانی میکانیزمی کارکردنی بانکەکانی عێراق بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی شەفافیەت و دابینکردنی داتای کراوە، ئەمەش وادەکات بانکەکان بتوانن ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکەن کە گەلی عێراق پێویستیەتی”، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە.

هەروەها داوا لە لایەنی ئەمریکی كرا چاوخشاندنەوە بەو سزایانە بکرێت، کە بەسەر نزیکەی 32 بانکی عێراقیدا سەپێنراون، بەو پێیەی ئەوان “بە پێی راگەیاندراوەكە”، خەریکی پرۆسەی چاکسازیی پێکهاتەیین.

هەروەها هاتووە، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، سەقامگیری نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، پایەیەکی بنچینەییە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لە عێراقدا، ئەمەش ئەوەیە کە حکومەت هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، داواشی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا کرد بۆ پێداچوونەوە بە بڕیاری سزاكانی سەر بانكەكان.

هەر لە راگەیاندراوەكەدا باسی ئەوەش كراوە، كە برایان نێڵسۆن ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووری عێراق و چارەسەرکردنی ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، دووپاتیشی کردەوە، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا لە جددیبوونی حکومەتی عێراق تێدەگەن لە مۆدێرنکردنی میکانیزمی کارکردن لە دامودەزگاکانی عێراق، ئامادەیی لایەنی ئەمریکیشی دەربڕی بۆ یارمەتیدانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازییەکانی

ئەمریكا 32 بانكی بە هۆی “شووشتنەوەی پارە و بەقاچاخ بردنەدەرەوەی دۆلار” سزاداوە، ئەمەش تاڕادەیەك كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دروست كردووە لە بازاڕەكانی عێراقدا.

بانكی ناوه‌ندی دۆلاری زۆری خسته‌ بازاڕه‌وه‌

بانكی ناوه‌ندی دۆلاری زۆری خسته‌ بازاڕه‌وه‌