لە دوو بەش پێکدێت
ئامادەی پیشەیی لە پێنجوێن دەکرێتەوە
964+
کامیار کەمال_ پێنجوێن
بەپێی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی، ئەمساڵ ئامادەیی پیشەیی لە قەزای پێنجوێن دەکرێتەوە و دوو بەش لە خۆی دەگرێت.
ئەسعەد جافر، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای پێنجوێن لەو بارەیەوە بە 964ـی راگەیاند، ئامادەیی پیشەیی پێنجوێن هەموو رێکارەکانی تەواو کردووە و بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 خوێندکار وەردەگرێت.
وتیشی، بینا و میلاکی تەواو بۆ ئامادەییەکە دابین کراوە و باسی لەوەشکرد، ئامادەیی پیشەیی پێنجوێن لە دوو بەش پێکدێت کە بریتیە لە بەشی کۆمپیتەر و بەروبومی رووەکی.
“دیار نییە چەند قوتابی وەردەگیرێت چونکە یەکەم ساڵە و بۆ ئەو مەبەستەش سەیری خواستی قوتابیان دەکەین و بەگوێرەی خواستی ئەوان قوتابی وەردەگیرێت و ئەکرێت چەند بەشێکیش زیاد بکەین، لەساڵانی ئایندەش پەرە بە بەشەکانی دارتاشی و میکانیک دەدەین”، ئەسعەد جافر وای وت.
لەبارەی خوێندن لە ئامادەی پیشەیی بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن روونی کردەوە، کە خوێندن تیایدا سێ ساڵە و لە کۆتا قۆناغیشدا خوێندکار تاقیکردنەوەی نیشتمانی دەکات و دوای دەرچوونی دەبێتە خاوەن بڕوانامەی ئامادەیی و دەشتوانێت بەپێی ئەو نمرەی لە کۆتا قۆناغ بەدەستی دەهێنێت درێژە بە خوێندنەکەی بدات لە کۆلێج.
پێداچوونەوە: هاوبەش