سێ ساڵە وەستاوە

کارکردن لە پردەکەی رێگەی سەیدسادق دەستی پێکردەوە

ئەحمەد مستەفا

لەلایەن کۆمپانیایی جێبەجێکارەوە کارکردن لەوبەرزە پردەی کانی سپیکە دەستی پێکردەوە کە ماوەی سێ ساڵە کارکردن تێیدا وەستابوو، بڕیار وایە تا تەواوبونی کارەکە نەوەستێت و لە داهاتودایەکی نزیکدا بەڕووی شۆفێران بکرێتەوە.

پردەکە، کاری تەواوکردنی قیرتاو، هێما و راگری ماوە، ئۆڤەرفڵای یان پردی کانی سپیکە، ماوەی سێ ساڵ بوو بە تەواونەکراوی جێھێڵدرابوو.

پردی کانی سپیکە، دەکەوێتە نزیک گوندی گرێزە لەسەر رێگەی نێوان سلێمانی و سەیدسادق، ئاراستەی رێگەی چوون له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ پێنجوێن بەیەکەوە دەبەستێتەوە، رێگەكه‌ شادەماری ئابوورییە بەو پێیەی نێوان سلێمانی و دەروازەی باشماخ پێکەوە دەبەستێتەوە.

پانی پردەکە 10مەتر و درێژییەکەی 250 مەترە، شۆفێر 120 مەتر لەسەر جادەی قیر دەڕوات تا دەگات بە پردەکە، بچووکیی پردەکە و دیزاینی جیاوازترە لەو پردە ئۆڤەر فڵایانەی کە لە بەدیلی یوتێرن دروست دەکرێن.

ئالان وەیس، سەرپەرشتیاری پرۆژەی پردی کانی سپیکە، لە رێگه‌وبانی سلێمانی بە تۆڕی964ی وت، “پردەکە تائێستا یەک میار و 200 ملیۆن دیناری تێچووە، ئەو بڕەش لە کۆی ماوەی تێچووی پردی پرۆژەی پردی شانەدەر بووە، ئێستا بۆ تەواوکردنی پێویستی بە 120 ملیۆن دیناری دیكه‌ ھەیە”.

ئاڕاستە و فراوان نەبوونی پردەکە نامۆیی لەلای خەڵک دروستکردووە، تا گەیشتووە بەوەی نامە و پەیامیشیان لەلایەن ھاوڵاتیانەوە بۆ نێردراوە، بەڵام بە وتەی ئەندازیارەکە، “ئەوان دەستیان زۆر واڵا نەبووە بۆ فراوانترکردنی پانیی پردەکە، جگە لە تێچووی پردەکەن دەبوو زەوی ئەو خەڵکانەش قەرەبوو بکەنەوە، کە دەکەونە چوارچێوەی پرۆژەکە”.

“ئەم پردە کە بەدیلی یوتێرنە و  پێنج خولەک بۆ یەک خولەک کەمدەکاتەوە، دەبێت لەگەڵ کرانەوەیدا شۆفێران بە خێراییەکی کەمتر و بۆ سەلامەتی خۆیان لە خوار نمرە 60 ھەوڵ بدەن بەسەریدا تێبپەڕن” ئالان وەیس وای وت.

پرۆژەکە ئێستا (قیرکردن، راگر، رێکخستن و دانانی ھێما و رێکاری ھاتوچۆی ماوە)، پلانی رێگه‌وبانی سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکار وایە لە ماوەی ئایندە کارەکانی تەواو بکەن، وە هەروەها سیستمی یوتێرن (گەڕانەوەی پێچەوانە) کەم بکەنەوە، بۆیە پشتیان بە ئۆڤەر فڵای(پرد) بەستووە..