“بە هەمەریش بەسەرماندا بێن چۆڵی ناکەین”

964+
توانا نەقی

جارێکی دیکە جوتیارەکانی ناحیەی سەرگەڕان و گوندی پەڵکانە لە سنوری کەرکوک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەلامار دراونەتەوە و هەڕەشەیان لێکراوە کە زەوییەکانیان نەکێڵن.

محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارەکانی سەرگەڕان بە تۆڕی 964ی راگەیاند “لە دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017، ئەوە حاڵی ئێمەیە بەدەست عەرەبی هاوردە و هێزە عێراقییەکانەوە، دەبێت بە بەردەوام لە رووبەڕووبوونەوەدا بین”.

وتیشی، هێزەکانی فیرقەی هەشتی لیوای 31ی عێراق، چوونەتە سەریان و هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکەن، کە نابێت زەوییەکانیان بکێڵن و تۆ و بکەن، ئەوەش لەسەر شکاتی ئەو عەرەبانەیە کە هاتوونەتە ناوچەکانیان.

تۆڕی 964 دەزانێت، دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، ژمارەیەکی زۆر عەرەب هێنراونەتە ئەو ناوچانە، لەو کاتەوە چەندین جار شەڕ و کێشە لەنێوان عەرەبەکان و جوتیارە کوردەکان دروستبووە.

“ئێمە ناوچەکانمان چۆڵ ناکەین، بە قسە و هەڕەشەی ئەو هێزانەش ناترسین و بەردەوام دەبین لەسەر زەوییەکانی خۆمان کە لە باوباپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە، ئەگەر بە دەبابە و هەمەریش بەسەرماندا بێن چۆڵی ناکەین”، محەمەد ئەمین وای وت.