"هەفتەیەکە خۆم نەشۆردووە"
بێئاوى هاوڵاتیانى دارەتووى هێنایە دەنگ
964+
شیراز عەبدوڵا- هەولێر
کێشەى بێئاوى، ژنان و بەشێک لە هاوڵاتیانى دارەتووى ناچار بەوە کردووە بەم گەرمایە بێنە سەرجادە و دەنگیان بەرز بکەنەوە و هاوارى کەمئاوى بگەیەنن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، بڕستیان لێبڕاوە و ماندوو بوون.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، بەشێک لە هاوڵاتیانى دارەتوو کە ژنان پێشڕەویان دەکەن، لە جوتسایدى گەڕەکى هەرێم گردبوونەوە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانیان داخست.
یەکێک لەو ژنانەى بەشدارى گردبوونەوەکەى کردووە، بۆ 964 قسەى کرد و دەڵێت، هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنى گەرما، کێشەى نەبوون و کەمی ئاو بەرۆکمان دەگرێت، رۆژێک و دوان و سیان نییە، هەفتەیەک و دوان نییە، پێنج ساڵە لەو دۆخەدا دەژن.
وەک خۆى باسى دەکات، هەفتەیەکە خۆى نەشۆردووە و دەچن بە دەبە ئاو دەهێنن و نازانن بیخەنە موبەریدەوە یان بۆ شتى دیکە بەکارى بهێنن.
لە دەمووچاویانەوە توڕەیى و ناڕەزایەتى زۆر دەبینرێت و داوا دەکەن، حکومەت بێتە سەرهێڵ و چارەسەرێکیان بکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح