نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە

لە یەک شەودا 13 نەشتەرگەری ئەنجامدرا

ژێوار خدر

لە بەشی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕانیە، تەنیا لە یەک شەودا 13 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراوە، نەشتەرگەرییەکانیش لە جۆری گەورە و مامناوەند و بچووک بوون.

تەها محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی راپەرین بە  964ی وت، لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی سڕکردن و کارمەندانی نەشتەرگەری تەنیا لە یەک شەودا 13 نەشتەرگەری گەورە و مامناوەند و بچووک لە جۆری کتوپڕ و لەناکاو و سارد لە نەخۆشخانەکەیاندا ئەنجامدراون.

روونیشیکردەوە،  زۆربەی ئەو نەخۆشانەی کە حاڵەتی کتوپڕ و لەناکاویان هەیە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە، راستەوخۆ نەشتەرگەرییەکەیان بۆ ئەنجام دەدرێت و ئەگەر حاڵەتێکی زۆر پێویست نەبێت، نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی دەرەوە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام نادرێت.

تەها محەمەد ئاماژەی بەوەدا، شەوی 5.7.2024 ئەو 13 نەشتەرگەرییە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە ئەنجامدراون.