موحەرەم.. مانگی شادی و شیوەن
1385 ساڵ لەخۆدان و مست کوتان
964+
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ بەپێی رۆژمێری کۆچی یەکەم رۆژی مانگی موحەڕەم و یەکەم رۆژی سەری ساڵی نوێی کۆچییە، ساڵ گەیشتە ساڵی 1446.
چیرۆکی دیاریکردنی سەری ساڵی کۆچی لای موسوڵمانان دیارە، لە حەڤدەهەمین ساڵدا عومەری کوڕی خەتاب بڕیار دەدات رێکەوتێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان دابنێت، لەسەر ئەوە دەسازێن رۆژی کۆچکردنی پێغەمبەر لە مەککەوە بۆ مەدینە بکرێتە یەکەم رۆژی ساڵ ”لەو رۆژەدا هەق و ناهەق دەرکەوتن”.
موسوڵمانان لە هەموو جیهان بەگرنگییەوە لەم رۆژە دەڕوانن و ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، بەڵام لای شیعەکان ئەم رۆژانە گرێدراوە بە پرسەو شیوەن و ماتەمەوە.
لە دەیەم رۆژی ئەم مانگەدا (عاشورا) لە ساڵی 61ی کۆچی شەڕی کەربەلا لە نێوان حسێنی کوڕی عەلی و لەشکرەکەی یەزیدی کوڕی معاویەی ئەبوسوفیان روودەدات، شەڕ لە بەرژەوەندی سوپاکەی حسێن کۆتایی نایەت و هەر لەو رۆژەدا حسێنی کچەزای پێغەمبەر دەکوژرێت.
بە ئەمساڵەوە 1385 ساڵە شیعە مەزهەبەکان شیوەن بۆ ئەو رۆژە دەگێڕن، رەش دەپۆشن و ئاهەنگ و بۆنەکانیان رادەگرن و خۆیان دەگرنەوە لە خۆشی دەربڕین.
شیعە مەزهەبەکان کۆڕی شیوەن و ماتەم دەگێڕن بۆ مەرگی حسێن، ئاڵای رەش و سوور هەڵدەکەن و بە مست و زنجیر لەخۆیان دەدەن، مەراسیمی عاشورا هەتا چل رۆژ بەردەوام دەبێت و لە 20ی مانگی سەفەر کۆتایی پێدێت، لەو ماوەیەدا شیعە مەزهەبەکان لە هەموو جیهانەوە روو لە کەربەلا دەکەن، ئەو بۆنەیەش ناو نراوە زیارەتی چلە.
عاشورا لای موسوڵمانانی سوننە مەزهەبیش پیرۆزی خۆی هەیە، لای ئەوان ئەو رۆژەیە کە موسا گۆجانەکەی کێشاوە بە زەویداو رووباری نیلی کردووە بە دوو بەشەوە.
ساڵی کۆچی بە مانگی موحەرەم دەست پێدەکات و بە زولحیجە کۆتایی دێت، لە کۆتا مانگیدا مەراسیمی فەریزەی حەج جێبەجێ دەکرێت.
مانگە کۆچییەکان پشتیان بەستووە بە لەدایکبوون و نەمانی مانگەوە، بۆیە لەنێوان 29 بۆ 30 رۆژدان و بەکۆی گشتی ساڵەکە دەبێتە 354 رۆژە، بەو پێیەی ساڵی زایینیش 365 رۆژە، بۆیە یانزە رۆژ جیاوازی دەکەوێتە نێوانیان، هەر لەبەر ئەوەیە ساڵانە ساتی دەستپێکردنی مانگە کۆچییەکان گۆڕانی بەسەردا دێت.
ئەمە مانگە کۆچییەکانن:
موحەرەم
سەفەر
رەبیعلئەوەل
رەبیعلئاخیر
جەمادلئەوەل
جەمادلئاخیر
رەجەب
شەعبان
رەمەزان
شەوال
زولقەعدە
زولحیجە