فەرمانگەى میدیا و زانیارى
کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەری بانکەکان پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆژەی “هەژماری من” راگەیاند
964+
وریا فەتاح
بەپێى راگەیەندراوێکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێم، کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەری بانکەکان، بە شێوەیەکی فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆژەی “هەژماری من” راگەیاندووە، دەشڵێت: هەشت بانکە بەشداربووەکەی “هەژماری من” لەلایەن کۆمپانیاکەوە گەرەنتی کراون.
کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەری بانکەکان گرنگی بە متمانەی بانکی و پاراستنی سەرمایەی خەڵک لە بانکەکان دەدات
“هەشت بانک لە دەستپێشخەریی هەژماری من بەشدارن، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد، ئامانجی پڕۆژەکە مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرزکردنەوە و پەرەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی ئەلیکترۆنییە لە خزمەتگوزارییە حکومییەکاندا”، فەرمانگەى میدیا و زانیارى لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت کۆمپانیاى عێراقى بۆ دەستەبەرى بانکەکان واى وتووە.
تاکوو ئێستا هەشت بانکی فەرمی بەشدارییان لە پرۆژەی “هەژماری من” کردووە، کە بریتین لە: BBAC, TBI, BOB, IDB, RTB, NBI, Cihan Bank, IIB.
ئامانجی کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەرکردنی بانکەکان، بریتییە لە بەرزکردنەوەی متمانە بە کەرتی بانکی، بەدەستهێنانی سەقامگیری لە سیستەمی دارایی، چارەسەری کەڵەکەکردنی پارە و پشتیوانیی بانکەکان لە دۆخی مایەپووچبوون و پاراستنی پارەی خەڵک لە بانکەکاندا.
باس لەوەشکراوە، تاکوو ئێستا هەشت بانکی فەرمی و دانپێدانراوی عێراقی هاتوونەتە ناو پرۆژەى “هەژمارى من” و خەمڵێنراوە تاکوو کۆتایی 2024 بەشداربووانی بگاتە ملیۆنێک مووچەخۆر.