"بارودۆخەکە نائاساییە"
حکومەتی ئەمریکا بێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس چەک دەفرۆشێت
964+
ژووری هەواڵ
بەپاساوی بارودۆخی نالەبار و بوونی مەترسی لەسەر هاوپەیمانەکانیان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس، رەزامەندی دا لەسەر فرۆشتنی چەک بە هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی هەواڵێکی “فاینانشاڵ تایمز”، دوای ئەوەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بە هەبوونی بارودۆخی نائاسایی کرد، بڕیاردرا پڕۆسەی فرۆشتنی چەکەکان تەواو بکرێت بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ڕەزامەندی و پێداچوونەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا بکرێت.
وەک دەوترێت، ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات پڕۆسەی فرۆشتنی چەک بە بڕی 8.6 ملیار دۆلار بە هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێرا بکات، ئامانجی لەو کارەش بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئەو وڵاتانەیە بەرامبەر بە هێرشەکانی تاران لە کاتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەرپرسە لە پێداچوونەوە و پەسەندکردنی فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی دەرەوە، رەزامەندی نیشانداوە لەسەر فرۆشتنی سیستەمی بەرگریی موشەکی پاتریۆت و سیستەمێکی پێشکەوتووی چەک لە جۆری، (APKWS) بەبڕی 4.01 ملیار دۆلار بە وڵاتی قەتەر.
هەریەکە لە ئیسرائیل و ئیمارات رەزامەندییان وەرگرتووە بۆ کڕینی سیستەمی (APKWS)، کە موشەکی ئاسایی دەگۆڕێت بۆ موشەکی زیرەک و ورد. هاوکات بڕیارە کوێت سیستەمێکی جەنگی بۆ بەرگریی ئاسمانی و موشەکی بکڕێت، کە بەهای سیستەمەکە بە 2.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بە چڕی بەکارهێناوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران.
فرۆشتنی ئەم چەکانە، کە بەهاکەی بە 8.6 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لە کاتێکدایە کە ئەمریکا ئاگاداری داوەتە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی (وەک بەریتانیا، پۆڵەندا، لیتوانیا و ئەستۆنیا) کە چاوەڕێی دواکەوتنی زۆر بن لە گەیشتنی چەکە ئەمریکییەکان؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەی واشنتن سەرقاڵی پڕکردنەوەی کۆگای چەکەکانی خۆیەتی کە لە شەڕی ئێراندا کەمی کردووە.
لە ئەمریکا فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی دیکە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و دووردرێژە، لە بارودۆخی ئاساییدا وەزارەتی دەرەوە هەڵسەنگاندنی سیاسی و وەزارەتی بەرگری هەڵسەنگاندنی تەکنیکی بۆ دەکات و چاودێرکردن و پەسەندکردنی پرۆسەکەش لە ئەستۆی کۆنگرێسدایە.
بڕیاری کۆتایی لەسەر بنەمای ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەدرێت. دوای رەزامەندی هەرسێ لایەن و واژۆی سەرۆک، گرێبەستی فرۆشتنەکە جێبەجێ دەکرێت.