پەیمانگایەکی کولتووری هاوبەشی ئەڵمانی فەڕەنسی لە هەولێر دروستدەکرێت

964+

توانا نەقی – هەولێر

لەسەر قەڵای هەولێر، بەردی بناغەی پەیمانگەیەکی کولتووری هاوبەشی ئەڵمانی فەڕەنسی دانرا

؛ ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی کانونی دووەم، رێوڕەسمی 60 ساڵەی بەستنی پەیماننامەی ئیلیزێ لە نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا لەسەر قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو، هەر بەم بۆنەیەوە بەردی بناخەی پەیمانگەیەک هاوبەشی ئەڵمانی و فەرەنسی دانرا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو، وتی: ئەو پەیمانگایە دەبێتە پردێکی دیکەی دۆستایەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و فەڕەنسا، ئەو دوو وڵاتە لە هەموو کاتێکدا یارمەتی هەرێمی کوردستانیان داوە، چی لە رووی سەربازییەوە چی لە رووی کلتوری و مرۆییەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا، ئیریک شۆڤالێی باڵوێزی فەڕەنسا و مارتین یێگەر باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق، هەروەها کونسوڵی هەردوو وڵات لە هەولێر، ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی هەرێم ئامادە بوون.  

هەریەکە لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا، بە جای ناوەندی کولتووریی و رۆشنبیرییان دەمێکە لە کوردستان هەیە، بەڵام کردنەوەی وەها نااوەندێکی هاوبەش لەسەر قەلای هەولێر کە شوێنێکی شوێنەواری جیهانییە، دەبێتە دەروازەیەک بۆ ناساندنی کولتووری ئەو دوو وڵاتە بە گەشتیاری ناوخو و بیانی کە سەردانی قەڵای هەولێر دەکەن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردنەوەی ئەو ناوەندە کولتوورییە بە “رووداوێکی گرنگ” ناودەبات، بەو پێیەی بە قسەی باڵوێزی فەڕەنسا، ئەمەی هەولێر چوارەمین ناوەندی کولتووری فەرمی فەڕەنسییە لەسەر ئاستی دنیا.