بوک و زاوایەک بەشدارى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئێران دەکەن... وێنە: تەسنیم
بۆ کاتژمێر 10ـى شەو
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى ئێران دوو کاتژمێرى دیکە درێژکرایەوە
964+
وریا فەتاح
بۆ جارى دووەم کاتى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئێران دوو کاتژمێرى دیکە و بۆ کاتژمێر 10:00ـى شەو بە کاتى تاران درێژکرایەوە.
موحسین ئیسلامی، وتەبێژی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی قبوڵکردنی خەڵک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە سەرانسەری وڵات، کاتی دەنگدان لە سەرجەم لقەکان تا کاتژمێر 10:00ـى شەو درێژ دەکرێتەوە.
بڕیار بوو کاتژمێر 6:00 بە کاتى ئێران و 5:30 خولەک بە کاتى هەرێمى کوردستان، پڕۆسەى دەنگدان کۆتایى بێت، بەڵام جارى یەکەم بۆ کاتژمێر 8:00 بە کاتى ئێران و 7:30 خولەک بە کاتى هەرێمى کوردستان درێژکرایەوە.
درێژکردنەوەى هەڵبژاردنەکان بۆ جارى دووەم کاتژمێر 9:30 خولەک دەکات بە کاتى هەرێمى کوردستان، بەڵام پێناچێت ئەوە کۆتا جار دەبێت یان نا کە وادەى دەنگدان درێژ دەکرێتەوە.
بە بۆچونى شارەزایان کاروبارى هەڵبژاردنەکە، درێژکردنەوەى هەڵبژاردن بە ماناى ئەوەیە یەکلایى کردنەوەى ئەنجامەکە دەچێتە خولى دووەمى هەڵبژاردن.
سەعید جەلیلی، مستەفا پوور محەمەدی، محەممەدباقر قاڵیباف و مەسعود پزیشکیان، رکابەرى یەکترى دەکەن بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆماریی داهاتووى ئێران.