ئەمڕۆ خۆرگیرانی ژمارە ٤٨ی سەدەی ٢١ روودەدات

زانیاریی لەبارەی خۆرگیرانەکەی ئەمڕۆ

دیاردەی خۆرگیران –  Ig0rZh/Adobe Stock

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

 بەگوێرەی پێشبینیییە گەردونییەکان، خۆرگیرانەکەی ئەمڕۆ چل و هەشتەمین جارە لە سەدەی 21، کە بە گشتی یەک کاتژمێر و 45 خولەک دەخایەنێت.

 خۆرگیران بریتییە لە هەڵکەوتنی مانگ لەنێوان خۆر و زەوی، هەندێک جار بە نیمچەیی و هەندێک جاری دیکە بە تەواوی تیشکی خۆر ون دەکات لە چاوی مرۆڤەکانەوە.

 ئەوەی ئەمڕۆ نیمچەییە، لە ئاسمانی بەشێکی ئەوروپا، رۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقا روودەدات، لە کاتژمێر ٢:٢٣ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگاتە ئەوپەڕی خۆرگیرانەکە.

 خۆرگیرانی داهاتوو لە رۆژی ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٣ دەبێت، تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیەش ١٧٥ جار دووبارە دەبێتەوە.

 لە سەدەی رابردوو، ٢٢٨ جار خۆرگیران روویداوە.

“کۆتا خۆرگیرانی تەواوەتی لە هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٩ بوو”

کۆتا دیاردەی خۆرگیرانی تەواو کە لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بینرا، لە رۆژی ١١ی ئابی ١٩٩٩ بوو.

لە رووی گەردونییەوە، خۆرگیران حاڵەتێکی سروشتییە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر زەوی و ئاڕاستەی سوڕانەوەکەی نابێت، بەڵام لە رووی تەندروستییەوە تەماشاکردنی زیان بە چاو دەگەیەنێت.

ناوەندە تەندروستییە بەناوبانگەکانی دنیا باس لەوەدەکەن، هەندێک جار تەماشاکردنی ئەو دیاردەیە دەبێتە هۆی “کوێربوون”، لەبەرئەوەی ئەو شەپۆلانەی رووناکی ناگەن بە چاوەکان کە مرۆڤ پێی راهاتووە.

 ئەمڕۆ لە بەشێک لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە بە پشوو بۆ قوتابخانەکان، وەزارەتی تەندروستیش هۆشداریی داوە و رێنمایی بۆ هاوڵاتیان بڵاوکردووەتەوە تاوەکو خۆیانی لێ بپارێزن.