کاپشن: ئەو دارەی بەهۆی مۆلیدەکەوە وشک بوو - وێنە: فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە
لە هەڵەبجە
بەهۆی وشکبوونی دارێکەوە لێپێچینەوە لە خاوەن مۆلیدەیەک دەکرێت
پێشەوا محەمەد
فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە لێپێچینەوە لە خاوەن مۆلیدەیەک دەکات، کە دوکەڵەکەی بووەتە هۆکاری وشکبوونی دارێک و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، بەپێی رێژەی وشکبوونەکە سزاکە دیاری دەکەن.
مۆلیدەکە کەوتووەتە گەڕەکی کانییە قوڵکە لەناو شاری هەڵەبجە، لیژنەیەکی فەرمانگەکە سەردانی کردووە.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بۆ 964ـی روونکردەوە، بە خاوەن مۆلیدەکە وتراوە سەردانی فەرمانگە بکات و لێکۆڵینەوە لە رێژەی وشکبوونی دارەکە دەکرێت.
وتیشی، “ئەگەر دارەکە دەرفەتی ئەوەی هەبێت سەوز ببێتەوە، چونکە هەمووی وشک نەبووە، خاوەنی مۆلیدەکە ناچار دەکرێت خزمەتی بکاتەوە و چاودێری دەکرێت، ئەگەر وشکیش بووبوو ئەوا داری تری لە جیاتی پێ دەهێندرێت و پێی دەنێژرێت”.
پێشتر فەرمانگەکە چەند جارێک رێنمایی داوەتە مۆلیدە ئەهلییەکان پابەندی رێنماییە ژینگەییەکان بن.
“ئەو خاوەن مۆلیدەیە پێشتر ئاگادار کرابووەوە ئاگای لەو دارە بێت و وشک نەبێت، بەڵام گوێی پێنەداوە و ئەوەش لای ئێمە بە سەرپێچیی ژینگەیی ناسراوە”، ئەوەش قسەی سەرهەنگ عەبدولڕەحمانە