دیمەنى دواى گەڕاندنەوەى دانیشتوانى قەڵادزێ بۆسەر ماڵ و حاڵى خۆیان لە دواى راپەڕین
35 ساڵ لەمەوبەر
ئەو رۆژە لە قەڵادزێ هیچ خانوویەک بەپێوە نەما
964+
وریا فەتاح
35 ساڵ بەسەر راگواستنى دانیشتووانى قەزاى پشدەر بۆ کۆمەڵگا زۆرەملێکاندا تێدەپەڕێت، ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە کە دەوترێت لە قەڵادزێ هیچ خانوویەک بەپێوە نەما و لەلایەن رژێمى بەعسەوە تێکوپێکدرا.
رژێمى بەعس لە 26.6.1989، دانیشتووانى قەڵادزێ و پشدەرى بە تەواوەتى و بە زۆرەملێ ناچار بە راگواستن کرد و شارەکەشى لەگەڵ زەوى تەخت کرد و دواى راپەڕینى بەهارى 1991ـى خەڵکى کوردستان، ئینجا خەڵکەکەى گەڕایەوە و دەستیان کردەوە بە ئاوەدانکردنەوەى پشدەر.
شوێنەوارى ئەو راگواستنە دواى 35 ئێستاش بەسەر پشدەردا دیارە، لەرووى بیناسازییەوە هێشتا بەشێک لەو دوکان و بازاڕە دواى رووخاندنیان دەستیان لێنەدراوە و شوێنەوارەکەى دیارە، لە رووى فەرهەنگییەوە قەڵادزێى بە تەواوى پاش خستووە و هەرچى سەرمایەى مرۆیى و کولتو ورى و رۆشنبیرى شارەکە بووە دواى راگواستن نەگەڕاوەتەوە، بەشێکیان لە هەولێر و سلێمانى نیشتەجێبوون و بەشێکیشیان روویان لە هەندەران کردووە.
لە ساڵی 2011 دادگای باڵای تاوانەكانی عێڕاق دوای وەرگرتنی 110 سكاڵا و 44 شایەتحاڵ دۆسیەی راگواستنی قەزاى پشدەرى وەك درێژكراوەی ئەنفال و لەناوبردنی كورد ئەژمار كرد، بەڵام تائێستا ئەو دۆسییەیە بە جینیۆساید نەناسێنراوە و دانیشتوانەکەى قەرەبوو نەکراونەتەوە.
شاری قەڵادزێ یەکێکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەندی قەزای پشدەرە لە ساڵی 1948ـەوە لە ناحیەوە بوەتە قەزا، قەزاى پشدەر لە پێنج ناحیە پێکهاتووە کە ئەمانەن سەنگەسەر (ناودەشت)، ژاراوە، هێرۆ، هەڵشۆ، ئیسێوە. بەگشتیش نزیکەى 400 گوند لە خۆى دەگرێت.