سایلۆی گەنمی هەولێر. وێنە:964
زۆرترینی لە سلێمانیە
تائێستا 210 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە
ژووری هەواڵ
بۆ ئەماساڵ تاوەکو ئێستا، جوتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 210 هەزار تۆن گەنمیان رادەستی سایلۆکان کردووە لە هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە.
ئەمڕۆ دووشەممە 24.6.2024، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئاماری گەنمی رادەستکراوی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین گەنم رادەستی سایلۆکان کراوە کە بڕەکەی دەگاتە 80 هەزار و 993 تۆن و 650 کیلۆ وەرگیراوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی بە 964ـی وت، ئەو گەنمەی لە سلێمانی رادەستکراوە گەنمی جوتیارانی هەڵەبجەش دەگرێتەوە.
لە هەولێریش 66 هەزار و 546 تۆن و 940 کیلۆ گەنم وەرگیراوە، لە دهۆکیش 62 هەزار 592 تۆن و 472 کیلۆ گەنم.
بۆ ئەمساڵ، لە سەرجەم هەرێمى کوردستان 700 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت لەو ژمارەیە 43%ـى بەر پارێزگاى سلێمانى دەکەوێت.