ئاگرەکە بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە بووە

لە دوێنێوە گوندی بەڵاڤە دەسوتێت و چەندین داری 100 ساڵە لەنێوچوون

964+

زەید کۆچەر- دهۆک

ئاگرەکەی گوندی بەڵاڤە لە سنووری قەزای ئامێدی تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، دواجار دانیشتووانی گوندەکە خۆیان ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد.

ئاگرەکە بەهۆی گوللەی دۆشکەوە بووە کە لە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە تەقێنراوە، بە دەیان داری بەتەمەن کەوا تەمەنیان سەروو 100 ساڵە سووتاوە.

فوئاد محەمەد عەلی، موختاری گوندی بەڵاڤە بە 964ـی وت، دوێنێ ئێوارە نزیکی کاتژمێر 5:00 بوو ئاگر گوندەکەمانی گرتەوە و بەپێی ئەوەی ئێمە گوێمان لێ بووە و زانیومانە ئاگرەکە بەهۆی گوللەی دۆشکەوە سەری هەڵداوە، ئاگرەکە هێدی هێدی تەشەنەی کرد و تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بوو، داوامان لە قایمقامی ئامێدی کرد، وتی ئەگەر ئێوە خۆتان دەتوانن کۆنترۆڵی بکەن بڕۆن، بەشەو توانیمان ئاگرەکە نەهێڵین بەڵام بەهۆی بای تووندەوە بەیانی سەری هەڵدایەوە.

“ئەمرۆ گەنجەکانمان توانیان ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵبکەن و نەیهێڵن، بەڵام رووبەرێکی زۆر لە زەوی گوندەکە سووتاوە و داری سماق و هەنجیر و زۆر داری بەرهەم دار لە رەز و باغی جوتیارانمان سووتاوە، و هەروەها بە دەهان داری بەتەمەن کەوا تەمەنیان زیاترە لە 100 بۆ 150 ساڵ سووتاون “، موختاری گوندی بەڵاڤە وای وت.

پێداچوونەوە: هاوبەش

زیاتر لە 500 دۆنم پوش و پاوان و دارى سروشتى سووتا

زیاتر لە 500 دۆنم پوش و پاوان و دارى سروشتى سووتا