نەخۆشخانەى فریاکەوتنى رانیە...وێنە: تەندروستى راپەرین
رانیە
لە جەژندا 10 کەس دووپشک پێوەیداون
964+
وریا فەتاح
تەنیا لە چوار رۆژى جەژندا 700 رووداوى جۆراوجۆر لە بەشى فریاکەوتنى نەخۆشخانەى فێرکارى رانیە چارەسەریان بۆکراوە کە 10 حاڵەتیان پێوەدانى دووپشک بووە و شەش کەسیش سەگ گازى لێگرتوون.
تەندروستى راپەڕین ئامارى رووداوەکانى رۆژانى جەژنى قوربانى بڵاوکردەوە تەنیا ئەوانەى لە نەخۆشخانەى فێرکارى رانیە چارەسەریان بۆکراوە.
لە ئامارەکەدا دەردەکەوێت، 36 کەس بەهۆى رووداوى هاتوچۆ بریندار بوون و 74 برینداى دیکەش هەبووە، ئەوە جگە لە 13 بریندار کە بەهۆى شەڕکردنەوە تۆمارکراوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە 67 حاڵەتى بەربوونەوە هەبووە و 84 کەسیش توشى سکچوون و رشانەوە بوون و هەشت حاڵەتى گەشکەش تۆمارکراوە.
لەبارەى پێوەدانى دوپشکەوە، لە ئامارەکاندا دەردەکەوێت کە 10 کەس لە نەخۆشخانەى فێرکارى رانیە بەهۆى پێوەدانى دووپشکەوە چارەسەریان وەرگرتووە و شەش کەسیش بەهۆى گازگرتنى سەگ، بریندار بوون.
هەر لە چوار رۆژى جەژندا، لە رانیە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 465 هێلکارى دڵیش بۆ نەخۆشان ئەنجامدراوە.