ئومێد خۆشناو پۆستەكەی سڕییەوە

+964
کوردستان ئەحمەد

ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند، رۆژی دووشەممە لە یاریگەی فەرەنسۆ هەریری ئاهەنگ بۆ هەڵبژاردەی عێراق دەكرێت، بەڵام دەنگۆ هەیە ئاهەنگەكە هەڵوەشابێتەوە، پارێزگاریش دوای چەند کاتژمێرێک پۆستەكەی سڕیوەتەوە.

لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، پۆستەکەی ئومێد خۆشناو كاردانەوەی لێكەوتەوە و هاشتاگێك دژی بڕیارەكەی بەناوی (#سەكۆی_ڕیفراندۆم_مەفرۆشن) راگەیەندرا.

تۆڕی 964 پەیوەندی کرد بە ئومێد خۆشناو، بەڵام بەردەست نەبوو.

تۆڕی 964 پەیوەندی کرد بە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر كرد، ئەو وتی “بە هیچ شێوەیەك نە ئاگام لە بڕیاری هاتنی هەڵبژاردەی عێراق و نە بڕیاری هەڵوەشانەوەكەی هەیە”.

ئومێد خۆشناو لە پۆستەکەیدا نوسیبوی “وێڕاى پیرۆزبایى لە هەڵبژاردەى عێراق و جەماوەر و گەلانى عێراق، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ رۆژى دووشەممە 23ی کانونی دووەمی 2023، کاتژمێر 2:30ى پاش نیوه‌ڕۆ لە یاریگەى نێودەوڵەتى فه‌ڕه‌نسۆ هەریرى بە ئاهەنگێک پێشوازى لە یاریزانانى هەڵبژاردەی عێراق دەکرێت”.

پێنجشەممەی رابردوو، 19ی کانوونی دووەمی 2023، هەڵبژاردەی عێراق بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ لەعومانی بردەوە و جامی 25ی کەنداوی بەدەستهێنا.