له 30 گوند بڵاوبووه‌ته‌وه
بڵاوبوونه‌وه‌ى كلۆ (كولـله) سنوورى سیده‌كانى ته‌نیوه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئه‌مساڵ ناوچه‌كانى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆی سۆران پڕ بووه له كرم و كلۆ، به تایبه‌تیش گونده‌كانى سنوورى سیده‌كان له زۆربه‌یان بڵاوبوونه‌ته‌وه، كشتوكاڵیش به‌دواداچوون ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنى.
هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه كه پێشتر كشتو‌كاڵى قه‌زاى رواندز بۆ 964 باسی كردبوو، زۆری رێژه‌ى بارانبارین بووه له ناوچه جیاوازه‌كانى ئیداره‌ى سۆران.
عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شی كشتو‌كاڵى قه‌زاى سیده‌كان به 964ـى وت، ده‌ستیان به به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى كلۆ له سنووره‌كه‌یان كردووه.
وتیشی “له سنوورى 30 گوندى سنووره‌كه‌مان بڵاوبووه‌ته‌وه و زۆرترین رێژه‌ش له گوندى بێخه‌پووشه كه ته‌واوى گونده‌كه‌ى ته‌نیوه و بووه‌ته سه‌رچاوه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى كلۆ”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ماوه‌یه‌كه سه‌رووى خۆیان له بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م كێشه‌یه ئاگادار كردووه‌ته‌وه به‌ڵام ده‌ڵێت “ته‌نیا 150 لیتر ده‌رمانى قڕكه‌ریان بۆ دابین كردووین، ئه‌و بڕه‌ش بۆ 30 گوندى سنووره‌كه زۆر كه‌مه”.
دووپاتیشیكرده‌وه كه بڵاوبوونه‌وه‌ى كلۆ، زیانێكى زۆرى به كشتوكاڵ گه‌یاندووه، هۆشداریش ده‌دات ئه‌گه‌ر زوو چاره‌سه‌ر نه‌كرێت كاریگه‌ریى خراپ له‌سه‌ر به‌رهه‌مى ئه‌مساڵى كشتوكاڵ دروستده‌كات.