500 دۆنم ئاگرەکە فراوان بووە

بە تۆمەتی سووتانی 60 هەزار دار هاوڵاتییەک دەستگیرکرا

964+

ئەحمەد مستەفا

“بەهۆکاری سووتانی 500 دۆنم پوش و پاوان و زیانگەیاندن بە نزیکەی 60 هەزار دار”، پۆلیسی هاوڵاتییەکی لە ناحیەی عەربەت دەستگیرکرد.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، “بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم ئاگرەی کەوتەوە لەسنوری گوندەکانی (وێلەکە و دەربەندفەقەرە) لە سنورى ناحیەی عەربەت 500 دۆنم پوش و پاوان سووتاوە و بەپێی زانستی دارستان هەر دۆنمێک 120 داری سروشتی تێدابووە کەبووە بەهۆی زیاندگەیاندن بە 60 هەزار داری سروشتی”.

پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، “دوای ئاگادارکردنەوە لەبوونی کەوتنەوەی ئاگر مەفرەزەیەک لەکارمەندانی، بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە و بەدواداچوون بۆ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەکاتی رووداوەکە هاوڵاتیەک بەتۆمەتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکراوە”.

پۆلیسی بنکەی عەربەت، بە هاوکاری تیمی فڕۆکەوانی پارێزگای سلێمانی و بنکەکانی بەرگری شارستانی (ئازادی و تانجەرۆ ) توانیویانە ئاگرەکە لە ماوەی چوار کاتژمێر کۆنترۆڵ بکەن، “پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی” بە گوێرەی هەمان بڵاوکراوە.

دیمەنی ئاگرکەوتنەوەکە و کاری تیمەکانی پۆلیسی دارستان؛