شارەوانى هەولێر
کەلوپەلەکانى گۆشتفرۆشى شەقامى گردە رەشە لابران
964+
وریا فەتاح
تیمەکانى لادانى زێدەڕۆیى لە شارەوانى هەولێر، سەرجەم ئەو کەلوپەلانەى لابرد کە بەشێوەى زێدەڕۆ لەسەر شەقامى گردەڕەشە کارى سەربڕینى ئاژەڵى تێدا دەکرا.
بەپێى راگەیەنراوێکى شارەوانى هەولێر، تیمی لادانی زێدەڕۆیی لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی پێنج، لە هەڵمەتێکدا هەموو ئەو کەلوپەلانەیان لابردووە کە لەسەر رێگاى هەولێر بۆ کەرکوک لەسەر شەقامى گردە رەشە، بەشێوەى نایاسایى دوور لە رێنماییەکان و مەرجى تەندروستى کارى سەربڕینى ئاژەڵ و گۆشتفرۆشى تێدا دەکرا.
شارەوانى هەولێر باسى لەوەکردووە، هەڵمەتەکە لە پێناو رەخساندنى ژینگەیەکى تەندروست و پاراستنى هاوڵاتیانە لە توشبوون بە نەخۆشى.
ماوەیەکە شارەوانى هەولێر دەستیکردووە بە لابردنى سەرجەم زێدەڕۆییەکان و سەرەتاش لە رێکخستنەوەى ناوبازاڕ و شەقامەکانى هەولێرەوە دەستیپێکرد.