"وا بڕوات خراپتر دەبێت"

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ: هەوڵی چارەسەرکردنی کەمئاوییەکەمان نەدراوە

964+

پێشەوا محەمەد

کێشەی بێئاوییەکەی چەمچەماڵ هەروەک خۆی ماوە، بەڕێوەبەری ئاوەکەی دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی هیچ هەوڵێک نەدراوە و وا بڕوات خراپتریش دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئاوی چەمچەماڵ بێت کە بە 964 دراوە، بەشێک لە دانیشتوانی قەزاکە حەوت رۆژە ئاویان وەرنەگرتووە و بەشێکیشان نزیکەی 10 رۆژە پێیان نەدراوە.

زیاد جاندار، بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی گوێیان لێ ناگرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و هیچ هەوڵی دیکەش بۆ چارەسەرکردنی بێئاوییەکەیان نییە.

کێشەی بێئاویی چەمچەماڵ ساڵانێکە بەردەوامە و لە هاویناندا، کە هاوڵاتیان پێویستیان بە ئاوی زیاترە گەورەتر دەبێت.

بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ وتی، “بەشێکی ئاوی قەزاکە لە کانی شەیتانەوە لە لایەن کۆمپانیای ئەحمەد ئیسماعیلەوە دابین دەکرێت و ئەوە کەمبووەتەوە، ئاوی سلێمانیش لە رێگای بازیانەوە بۆ ئێمە دێت و ئەویش زۆر کەمبووەتەوە”.

964 دەزانێت، قەزاکە 41 هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە، پێویستیان بە 50 بۆ 60 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاوە لە رۆژێکدا، بەڵام کەمتر لە 20 هەزاریان پێدەگات.

“ئێستا هاوڵاتیان بەشی زۆریان ئاو دەکڕن و تانکەرەکانی ئێمەش توانای دابینکردنی ئاویان بۆ هەموو هاوبەشەکان نییە، ئەگەر وابڕوات بارودۆخەکە خراپتر دەبێت”، ئەوەش قسەی بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵە.

خەڵکی چەمچەماڵ 10 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت

خەڵکی چەمچەماڵ 10 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت