بازاڕى کراوەى تەلەعفەر... وێنە: 964+
ئەوەى بە 400 بوو بووە بە 450
بۆ ئەوەى مەڕێک لە بازاڕى هەژاران بکڕێت دەبێت دەوڵەمەند بیت
964+
وریا فەتاح
ئەو بازاڕەى لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و شارەوانییەوە کرابوویەوە و بە بازاڕى هەژاران ناسراوە، دەوڵەمەندەکانیش بە ئەستەم دەتوانن شتى تێدا بکڕن.
بازاڕەکە بازاڕێکى کراوەیە و دەکەوێتە باکووری تەلەعەفەر، لەسەر جادەی شەنگال، بە یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی نەینەوا دادەنرێت لەلایەن شارەوانی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروستکراوە.
جەژن نزیک بووەتەوە و ئەمڕۆ خەڵک بۆ کڕینی مەڕوماڵات بەلێشاو روویان لێ کردبوو، بەڵام پێدەچوو نرخەکان بەرز بوو بێتنەوە، مەڕێک ئەگەر لە رۆژانى رابردوو بە 400 هەزار بوو بێت، ئەمڕۆ گەیشتبوو بە 500 هەزار.
فادل بەیاتی یەکێک لە کڕیارانى بازاڕەکە بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”هەرچەندە ئەم بازاڕە بازاڕی ئاژەڵانە، بەڵام ئێستا بووەتە بازاڕێکی کراوە و هەرچیت بووێ دەستت دەکەوێ”.
بازاڕەکە هەموو هەینییەک چالاکە، و بە نمایشکردنی کاڵای باش بە نرخێکی گونجاو لە بازاڕەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بە بۆنەى نزیکبوونەوەى جەژنى قوربان نرخەکان لە بازاڕەکە بەرز ببوونەوە.