تۆپهاوێژی عێراقی حەشر بە داعش دەکات
+964
هونەر فارس -گەرمیان
بۆ دووەم ڕۆژە لەسەریەک بۆردومانی مۆڵگەکانی داعش دەکرێت لە سنوری ناحیەی زینانە، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تۆپبارانەکە بەردەوامە.
شوانێک کە چەند کیلۆمەترێک لە بۆردومانەکەوە دوور بووە، بە تۆڕی 964ی وت ” بۆردومانەکە هیچ زیانێکی بۆ سەر هاوڵاتیانی سڤیل و گوندەکانی سنوورەکە نەبووە”.
ئەو مۆڵگانەی داعش کە بۆردومان دەکرێن، لە نێوان گوندەکانی شۆراو و پەڵکانەی ناحیەی زینانەیە و سەر بە شارۆچکەی خورماتووە.
فەرماندەیەکی سەربازی سنورەکەش، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، زانیارییەکانی بۆ تۆڕی 964 پشتڕاستکردەوە و دەڵێت “بۆردومانەکە لەلایەن دوو فڕۆکەی سوپای عێراق و تۆپەکانی سوپای عێراقی ئەنجامدراوە و بەردەوامیشی دەبێت”.
بە گوتەی فەرماندە سەربازییەکە، چوار مۆڵگەی داعش بە تەواوی خاپوور بووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی ژمارەی کوژراوی ئەو گرووپە بەردەست نییە.
بۆردوومانی مۆڵگەکانی داعش لە سنوورەکە، دوای جموجوڵی چەکدارانی ئەو گرووپە دێت لە ماوەی رابردوودا.