سەرمای زستان بازاڕی لەنگەی سلێمانی گەرم دەکات

میدیازان – هێڤی خالید – دیسکی سلێمانی

وەرزی سەرما بازاڕی لەنگەی لە سلێمانی گەرم کردووە، كەمی نرخ و باشی كوالێتی كاڵاکانیش لەلایەکی دیکەوە لەنگەی کردووە بە بازاڕێکی پڕ کڕیار.

بەم بەرە زستانە رۆژانە سەدان کەس دەچنە بازاڕی لەنگەی سلێمانی و دەیان کەس لەو بازاڕە کار دەکەن، هەژار و دەوڵەمەند هەموو کڕیاری جلوبەرگ و کەلوپەلی لەنگەکەی سلێمانین.

تایبەتمەندی جل و پێڵاوی دەستی دوو لە بازاڕی كۆنەفرۆشانی سلێمانی لەوەدایە بەشێکی زۆریان براندن و بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێن.

مام عەبدولرەحمان نزیکەی ٣٠ ساڵە لەناو بازاڕی لەنگەی سلێمانی جانتا و جلوبەرگ دەفرۆشێت، ئەو پێیوایە ئەو جلانەی لە بازاڕە میلییەكان دەفرۆشرێن گران لەسەر فرۆشیار ناكەون.

لە وەرزی زستاندا مانگانە لە رێگەی تەنیا یەک کۆمپانیا بەناوی “کادیر”، نزیکەی 20 تۆن جلوبەرگ دەگات بە بازاڕی لەنگەی سلێمانی.

کامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە میدیازانی وت، لەم چەند رۆژەدا فرۆشی جلوبەرگی لەنگە بە رێژەی ٪200 زیادیکردووە و کۆمپانیاکەمان ئێستا مانگانە نزیکەی 100 تۆن جلوبەرگ هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

“لەم چەند رۆژەدا فرۆشی جلوبەرگی لەنگە بە رێژەی ٪200 زیادیکردووە و کۆمپانیاکەمان ئێستا مانگانە نزیکەی 100 تۆن جلوبەرگ هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکات”

بەڕێوەبەری کۆمپانیای کادیر

کاڵا و جلوبەرگەکانی لەنگە لە هەرێمی کوردستان بەزۆری لە کۆریا و سەنغافوور و دوبەی و هەندێک جاریش لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاوردە دەکرێن.