نەخۆشخانە ئاگری گرتووە

41 منداڵی تازە لەدایکبوو لە مەرگ گەڕانەوە


ئەحمەد مستەفا

لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی زەهرا لە نەجەف و لە هۆڵی لەدایکبووان ئاگر کەوتەوە، 41 منداڵی تازە لەدایکبووش لە مەرگ رزگارکران.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 11.6.2024، ئاگر لە نەخۆشخانەی زەهرا بۆ منداڵان و منداڵبوون لە ناوەڕاستی شاری نەجەف کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیان 41 منداڵی تازە لەدایکبوو لە هۆڵی منداڵبوون رزگاربکەن.

عەلی تەویج، لە بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی بەرگریی شارستانی لە نەجەف بە تۆڕی 964ی وت، ” لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە هۆڵی نەخۆشخانەکە چۆڵکراون و رزگارکراون و سەرجەم منداڵەکان تەندروستییان باشە”.

ئەوەشی وت، “هیچ زیانێکی گیانی لە ئەنجامی رووداوەکە نەکەوتووەتەوە، و توانیومانە ئاگرەکە لەناو هۆڵی تازەلەدایکبووان کۆنتڕۆڵ بکەین”. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وەبدات هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە.