"سایلۆکە جێگای ئەو بڕە گەنمەی نییە کە بۆی دیاریکراوە"
وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی کەلار دەستیپێکرد
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە سایلۆی کەلار وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستیپێکرد، بڕیارە 75 ھەزار تۆن گەنم وەربگیرێت، سایلۆکەش جێگای وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی نییە.
بۆ ھەر دۆنمێک بڕی 237 کیلۆ گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت لە سایلۆکە.
کاروان رەئوف، بەڕێوەبەری سایلۆی کەلار بە 964ـی وت،”لە ئەمڕۆوە دەستمانکردووە بە وەرگرتنی گەنم، وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیش کراوە بە سێ وەجبە، لەپێشدا کفری وەردەگیرێت، دواتر خانەقین و دوای ئەوەش گەنمی جوتیارانی کەلار”.
دوو رۆژ پێش بڕیاری وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەلایەن عێراقەوە گرێبستی ئەو کۆمپانیایە ھەڵوەشایەوە کە بە حەفارە گەنمەکانیان بەتاڵ دەکرد لە بارھەڵگرەکان، تاوەکو گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکە کرد، درەنگانێکی شەوی رابردوو حەفارە و ئامێرەکانیان بەدەست گەیشت، بۆیە چەند رۆژێک درەنگتر سایلۆکەیان کردەوە، کاروان رەئوف وای وت.
سایلۆی کەلار توانای وەرگرتنی 40 ھەزار تۆن گەنمی ھەیە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەپێی ئەو رێژەیەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دیاریکراوە دەبێت 75 ھەزار و 800 تۆن گەنم وەربگرێت، بەڕێوەبەری سایلۆکە دەشڵێت،”جێگای ئەو بڕە گەنمەمان نییە کە بۆمان دیاریکراوە، بەناچاری لە گوندی ساڵح ئاغا جێگایەکمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بەشێکی گەنمی جوتیاران ببەینە ئەو جێگایە”.
سایلۆی کەلار ماوەی سێ ساڵە کراوەتەوە، بەڵام بەھۆی نەبوونی کارمەندەوە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە سوود لە خەزانە ستیلەکانی وەربگیرێت، لە دەرەوەی سایلۆکە چەند جێگایەک بە چیمەنتۆ دروستکراون و گەنمی جوتیاران لەو پەنکەرە چیمەنتۆییانە ھەڵدەگیرێت، ئەوەش تەنیا جێگای 40 هەزار تۆن گەنم دەکاتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی