چوار بەلەم دەستیان بەسەرداگیرا

دوو راوچى ماسى دەستگیرکران کە نیو تۆن ماسیان راو کردبوو

زەید کۆچەر-دهۆک

بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممە، هێزى پێشمەرگەى پاراستنى ژینگە لە دهۆک، دوو راوچیان دەستگیرکرد و 500 کیلۆ گرام ماسى مردارەوەبووش دەستى بەسەرداگیرا.

رەمەزان سیاری، بەرپرسی مەفرەزەکانی هێزی پیشمەرگەی پاراستنی ژینگە لە دهۆک بە 964ـى وت، درەنگانی شەوى رابردوو هێزەکانمان لە نزیک گوندەکانى بەخلیجە و تیسانا و مشاراى سەربە  ناحیەی باتێل و بەنداوی موسڵ، توانیمان لە کاتى راورکردندا دوو راوچى دەستگیر بکەین و شەش راوچیش هەڵاتن.

وەک ئەوەى باسى دەکات، لە هەڵمەتەکەدا، چوار بەلەم و ژمارەیەکى زۆر پاترى و ماتۆڕى کارەبا دەستیان بەسەردا گیران.

“زیاتر لە 500 کیلۆ گرام ماسى کە لەو راوچیانە جێمابوو دەستى بەسەرداگیراو و بەشێکیشیان کە زیندوو بوون خرانەوە ناو ئاو، زۆربەى ماسییەکانیش بە کارەبا راوکرا بوون”، رەمەزان سیار واى وت.

لەبارەى دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى رایانکردووە، بەرپرسى مەفرەزەکانى هێزەى پێشمەرگەى پاراستنى ژینگە، لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەیان و دەیانەوێت دەستگیریان بکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح