گردبوونه‌وه و داوای چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن
هاوڵاتیانی گه‌ڕه‌كی باداوه‌ی هه‌ولێر رێگه‌یان گرت و داوای ئاو ده‌كه‌ن
964+
شۆڕش عه‌بدوڵا – هه‌ولێر
هاوڵاتیانی گه‌ڕه‌كی باداوه له هه‌ولێر 15 رۆژه ئاویان نییه و ئه‌مڕۆ هاتنه سه‌ر شه‌قام و رێگه‌یان گرت، ئه‌وان داوای چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
ژنانی گه‌ڕه‌كه‌كه زیاتر به‌بێ ئاوی بێتاقه‌تن و به دڵی پڕه‌وه بۆ 964 قسه‌یان كرد.
یه‌كێك له ژنه‌كان ده‌ڵێت، به موختارمان وتووه چاره‌سه‌ری بێئاویمان بۆ بكات، به‌ڵام هیچی نه‌كرد.
وتیشی، شه‌ش جار ته‌له‌فۆنم بۆ پارێزگار كردووه و جوابی نه‌داینه‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، توانا‌مان نییه هه‌موو رۆژ ئاو به تانكه‌ر بكڕین.
ژنێكی دیكه‌ی ناڕازی به 964ی وت، باداوه ئاوی نییه، نه ئاومان هه‌یه و نه غاز، ده‌بێت غاز ببینه ئه‌وبه‌ری جاده تا به‌ده‌ستمان ده‌كه‌وێت.
نزیكه‌ی زۆربه‌ی هاوینان له شاری هه‌ولێر كێشه‌ی بێئاوی له چه‌ند گه‌ڕه‌كێك دروست ده‌بێت، خەڵکەکە ناچارن به تانكه‌ر ئاو بكڕن.
پێشتر پارێزگا و لایه‌نه به‌رپرسه‌كان به تانكه‌ر ئاویان بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه دابین كردووه، ئەمەی ئەمڕۆ پێدەچێت سه‌ره‌تای كێشه‌كانی بێئاویی ئه‌م هاوینه بێت له هه‌ولێر.
داڕشتنه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا