زیاتر لە پێنج ملیار دینارى تێدەچێت
لە ماوەى یەک ساڵدا رووکارى دەرەوەى دوکانەکانى بازاڕى قەیسەرى نۆژەن دەکرێتەوە
964+
شۆرش عەبدوڵا – هەولێر
کارەکانى نۆژەنکردنەوەى رووکارى دەرەوەى دوکانەکانى بازاڕى قەیسەرى هەولێر دراوە بە دوو کۆمپانیا و یەک ساڵیش مۆڵەتیان پێدراوە کە تەواوى بکەن.
نۆژەنکردنەوەکە 5 ملیار و 300 ملیۆن دینارى لەسەر بودجەى پارێزگاى هەولێرى بۆ دابینکراوە.
دەهام عەلی، دوکاندارێکى بازاڕى قەیسەرییە و بۆ 964 قسەى کردووە، ئەو دەڵێت، ئومێدمان بەو بەڵێندەرە هەیە و چاوەڕێ دەکەین و بەخێرایی کارەکانی تەواوبکات.
وەک ئەوەى ئەو دوکاندارە باسى دەکات، لەو ماوەیەى دوکانەکانیان داخراوە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.
ئەمڕۆ شەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، سەردانى بازاڕەکەى کرد و وتى،”لەسەر بودجەى پارێزگاى هەولێر بازاڕەکە نۆژەن دەکەینەوە و بڕى 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ دابینکراوە”.
ئێوارهی رۆژی 5.5.2024 بازاڕی قەیسەری هەولێر ئاگری لێکەوتەوە، چوار کاتژمێری ویست تا کۆنترۆڵ کرا، بههۆی ئاگرهكهوه 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووک سوتاون، زیاتر لە 130 کەسیش برینداربوون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح