رەشەبای بەهێز شکاندوونی
تیمی باخچەکان دارە شکاوەکانی سلێمانی کۆدەکەنەوە
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
ماوەی سێ رۆژ دەبێت، رەشەبایەكی بەهێز سلێمانی گرتوەتەوەو زیانی بە دار و درەختەكانی شەقامەكانی گەیاندووە، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانیش دەڵێت، “زۆربەی دار و لقە شكاوەکان لە جۆری سەبەح بەحن”.
بەشێكی دار و درەختە شكاوەكان، لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، گەڕەكەكانی كانی كوردەی خواروو، تووی مەلیك و ئیسكانن، کە بەشێكیان لقەكانی و بەشێكی دیكەشیان بە تەواوەتی لەرەگەوە دەرهاتوون.
تیمی باخچەکان سەرقاڵی گەڕانن
ئەمڕۆ چوارشەممە 5.6.2024، بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی بە 964ی وت، “هیچ داتایەكمان لانیە بزانین چەند دار و درەخت شكاون، گرنگی بەوە نادەین ئەوەندەی بەلامانەوە گرنگە دارەكان رێك بكەینەوە، چاكی بكەین و لایبەرین، ستافی باخچەكانم ئاگاداركردوەتەوە، وە چەند تیمێكمان لە ئێستادا لە گەڕاندان لە هەر شوێنێك درەختی شكاو هەبێت لایدەبەن”.
ئەو دارانەی بۆ کەشی سلێمانی دەبێت چین؟
ئەو بەرپرسەی باخچەکان باسی لەوەشكرد، “ئەو درەختانەی دەشكێن زیاتر لە جۆری (سەبەح بەحن) و ساڵانە لەگەڵ هەر رەشەبایەكی سلێمانی دووبارە دەبێتەوە، چەند لقێكی لێدەشكێت و دووبارە سەرهەڵدەداتەوە و لەگەشەكردنی خێرادان، ئەوەش هۆكار بووە كە لەساڵانی پێشودا ئەو جۆرە درەختە بەو ئەندازە زۆرە لەشەقامەكان بڕوێنرێن”.
“ئەو جۆرە درەختە بۆ هەندێك شوێنی سلێمانی گونجاو نیە، نزیكەی 10ساڵ پێش ئێستا روێنراو، لە ماوەی ساڵ و نیوێكی دەست بەكاربوونمدا ئەو جۆرە درەختانەمان رواندووە كە لەگەڵ كەشوهەوای گەرماو سەرما و رەشەبای سلێمانی گونجاوە، ئەویش جۆرەكانی داری توو، ئەرخەوان، ناروەند، ژاڵە، زەیتون، سنەوبەریات، سەروو، ئەلویزا و قەزوانە”، بەهرۆز سالار وای بە 964 وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا