بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی - وێنە: 964
گەرما هات
لە سلێمانی کارەبای نیشتیمانی و مۆلیدە دەبێتە 24 کاتژمێری
964+
پێشەوا محەمەد
وا بڕیارە لە 1.6.2024ـەوە کارەبا لە سلێمانی ببێتە 24 کاتژمێری، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی مۆلیدە ئەهلییەکانی ئاگادار کردووەتەوە، هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی بڕا دەبێت راستەوخۆ مۆلیدەکان کار پێبکەن.
ساڵانی رابردوو لە 15.5.2024ـەوە بەرنامەی کارەبا بەوجۆرەی لێدەهات، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی باران و دواکەوتنی گەرماوە جێبەجێکردنەکەی 15 رۆژ دواکەوت.
عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکە جێبەجێ دەکەن و هاوشێوەی ساڵانی رابردوو هەرکات کارەبای نیشتیمانی بڕا ئەوان کار بە مۆلیدەکانیان دەکەن.
وتیشی، “هاتنی گەرما هۆکاری گۆڕانی خشتەی کارەبایە چونکە لەمەودوا هاوڵاتیان ناتوانن بێ کارەبا بن”.
مانگی رابردوو لە سلێمانی رۆژانە لەنێوان 16 بۆ 17 کاتژێر کارەبای نیشتیمانی دراوە.
لەناو شاری سلێمانی 575 مۆلیدەی ئەهلی کارەبا بۆ هاونیشتیمانیان دابین دەکەن.