ژنێک لە دهۆک لەناو کفندا زیندوبووەوە

+964
هێڤی دیوالی – دهۆک

شەوی رابردبوو، ژنێکی سەرو 50 ساڵ لە دهۆک، دوای ئەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی دەدرێت بە کەسوکارەکەی، لە نەخۆشخانەوە دەبرێتە مزگەوت و دەشۆردرێت و کفن و دفن دەکرێت، دواتر دەزاندرێت کە نەمردووە و هەناسەی تێدا ماوە.

ئەو ژنە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی فێرکاری دهۆک بووە، بەپێی زانیارییەکان هەر لەوێوە هەواڵی گیانلەدەستدانی دراوە بە کەسوکارەکەی.

لە ئێستا دەوترێت ژنەکە گەڕێندراوەتەوە نەخۆشخانە و بارودۆخی جێگیرە.

تۆڕی 964 هەوڵیدا پرسیار لە بەرپرسانی نەخۆشخانەکە بکات کە ئایا چۆن هەواڵی مردنی کەسێک دەدەن کە دڵنیا نین لێی.

بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیمان کرد بە دکتۆر مستەفا موفتی، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی فێرکاری دهۆک، ئەو ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک بدات، بەڵام راستیی رووداوەکەی رەتنەکردەوە.

شایەتحاڵێک لەناو نەخۆشخانەکە بۆ تۆڕی 964ی باسکرد، شەوی رابردوو، واتە شەوی 18 لەسەر 19ی کانوونی دووەمی 2023، وتراوە کە ئەو ژنە مردووە، بەڵام دواتر هێنایانەوە بۆ نەخۆشخانە لەناو کفندا.

تۆڕی 964 هەوڵیدا لێدوان لە کەسوکاری ژنەکە وەربگرێت، بەڵام کەسیان ئامادە نەبوون قسە بکەن.