حەج و عومرەی هەرێم

“بەرپرسیارێتی ئەوانە هەڵناگرین بە ڤیزای گەشتیاری چوونەتە سعودیە و دەستگیردەکرێن”

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ژمارەیەک لەو هاوڵاتیانەی لە هەرێمەوە بە ڤیزای گەشتیاری چوونەتە حەج لە وڵاتی سعودیە دەستگیر کراون، بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێم دەڵێت، ناتوانن هیچیان بۆ بکەن.

پێشتر وڵاتی سعودیە رایگەیاندبوو هەر کەسێک بە ڤیزای گەشتیاری بچێتە وڵاتەکەیان بەمەبەستی ئەنجامدانی حەج دەستگیر دەکرێت و سزای مادی دەدرێت، بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمیش بەردەوام ئەو ئاگادارییەی بڵاوکردووەتەوە.

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، ژمارەیەک هاوڵاتی هانایان بۆ بردوون کە کەسوکاریان بە ڤیزای گەشتیاری چوونەتە سعودیە بۆ حەج، بەڵام دەستگیر کراون و مەترسی ناردنەوەیان لەسەرە.

وتیشی، “ئەوانە لە بەرپرسیارێتی ئێمەدا نین و پێشتر رامانگەیاندووە ئەو کارە مەترسیدارە، بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە تەنیا بەرپرسیارێتی ئەوانەی لە ئەستۆیە کە بە ڤیزای حەج سەفەریان کردووە”.

پشکی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان بۆ حەج چوار هەزار و 174 کەسە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بێت، زیاتر لە هەزار و 600 زیارەتکاری هەرێم بە رێگای وشکانیدا دەچنە سعودییە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

ئەمساڵ 4685 هاوڵاتی هەرێم فەریزی حەج بەجێدەگەیەنن

ئەمساڵ 4685 هاوڵاتی هەرێم فەریزی حەج بەجێدەگەیەنن