لە بارەى قەرزى بچوکەوە بڕیاردرا
سەرۆکى حکومەت بۆ وەزارەتەکان: لە کاتى خۆیدا لیستى موچەى فەرمانبەران بۆ وەزارەتى دارایى عێراق بنێرن
964+
وریا فەتاح
لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیران جەختکرایەوە لە پێداچوونەوەى داهات و خەرجییەکان و ناردنى لیستى موچەى فەرمانبەران بۆ وەزارەتى دارایى عێراق لە کاتى خۆیدا.
بەپێى راگەیەنراوى حکومەتى هەرێم بێت، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت، جەهتى لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هەموو وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق بۆ خەرجکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم و ناردنى لیستى موچە لە کاتى خۆیدا.
سەرۆک وەزیران ئاماژەى بەوە کردووە، پێویستە بەغداد بەرپرسیارێتى دەستوورى بەجێ بگەیەنێت لە ناردنى بەشە بودجەى هەرێم تا موچەخۆران لە دڵەراوێکدا نەبن .
باس لەوەشکراوە ئەنجومەنى وەزیران، شاندى دانوستانکاریی هەرێمیی راسپارد لە هاوئاهەنگیی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و مافە دەستووریی و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.
لە چوارچێوەی پڕۆژەی (گەشانەوە) کە پرۆژەیەکی هاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە لە پێناو دابینکردنی قەرزی ئاسان بۆ کارخوازان، ئەنجومەنی وەزیران وەک کارئاسانیی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوودا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری داوە بە لێخۆشبوون لە رێژەی 20%ـى کۆی گشتیی بەرکەوتەکانی نەگەڕاوە.