گرافیکی 964
گولـلەى لەدەست دەرچووە
پۆلیسێکی گەرمیان بە بریندار گەیەنراوەتە نەخۆشخانە
+964
میلاد جەلال_گەرمیان
کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە کاتی دەوامی فەرمیدا، بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، بەڕێوەبەری پۆلیسیش دەڵێت، فیشەکی لەدەست دەرچووە.
ئەو کارمەندەی کە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 29.5.2024، لە کاتی دەوامی فەرمیدا، بە برینداری براوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار، دانیشتوی قەزای دەربەندیخانە و دەوامی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بووە.
لوقمان سابیر، بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان بە 964ـى وت،”ئەو کارمەندەی پۆلیس لەکاتی پاککردنەوەی دەمانچەکەی فیشەک لەدەستی دەرچووە و بەر قاچی کەوتووە”
وتیشی، “ئەو کارمەندە ماوەی 10 ساڵە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان دەوام دەکات و ھیچ گرفتێکی نەبووە، بابەتەکە تەنیا لە دەست دەرچوونی فیشەکە”.
لەوبارەیە رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار لە کەلار بە 964ـى وت،” بریندارەکە جێگای یەک فیشەک بە قاچی چەپیەوە بوو، کە بەر نەرمایی قاچی کەوتووە و ئیسکی نەگرتووە، دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە”.
964 دەزانێت، پۆلیسی گەرمیان دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و لیژنەی لەسەر پێکهێناوە.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین