وەک بەشێک لە داهاتی ناوخۆ

هەرێمی کوردستان زیاتر لە 85 ملیار دیناری بۆ عێراق نارد

964+
ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “وەک بەشێک لە داهاتی ناوخۆی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستان، 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دینار، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق”.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەو بڕە بریتییە لە 50%ی داهاتی باج و رەسمی گومرگی لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوبات بەپێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە”.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بەشێوەی نەختینە پارەکەی خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق و دەڵێت، “لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق” پڕۆسەکە ئەنجامدراوە.

دەقی راگەیەندراوێک لە وەزارەتی داراییەوە؛

بەشێک لە داهاتی ناوخۆی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.
ڕۆژی دووشەممە 27/5/2024 بڕی ( 85.199.634 ) دینار ( هەشتاو پێنج ملیار و سەدو نەوەدو نۆ ملیۆن و شەش سەدو سی چوار هەزار دینار) لەداهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2024، بەشێوەی نەختینە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، کە بریتییە لە 50% داهاتی باج و ڕەسمی گومرگی لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوبات بە پێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی وئابوری. 27/5/2024