"فرۆشتنى سپێرم رێگە پێدراو نییە"
لیژنەی فەتوا؛ دانانى منداڵى بلورى شەرعییە بەڵام بەمەرج..
964+
ئەحمەدشەمزین – هەولێر
ئەنجومەنى باڵاى فەتواى هەرێم بڕیاریدا کە دانانى منداڵى بلورى بە مەرج شەرعییە، پزیشکێکى پسپۆڕیش دەڵێت، زۆربەى ئەو خێزانانەى هەرێم کە منداڵى بلورى دادەنێن نایانەوێت کەس بزانێت.
پرسیارکردنى هاوڵاتیان لەبارەى دانانى منداڵى بلورى ئەنجومەنى باڵاى فەتواو پسپۆڕانى پزیشکى و شەرعى ناچار بەوەکرد لە هەولێر پانێڵێک ئەنجام بدەن.
د.حەسەن محەمەد پشدەری ئەندامی لێژنەی باڵای فەتواى هەرێم بە 964ـى وت،”ئەنجومەنى باڵاى فەتوا رێگەی داوە بە دانانى منداڵى بلورى، بە مەرجێک سپێرم و هێلکەدانەکە هى هاوسەرى شەرعى یەکترى بن و نابێت سپێرم و هێلکەدانى تر بەکار بهێنرێت، بۆیە ئەگەر بەو مەرجە منداڵەکە دابنرێت شەرعییە”.
لەبارەى بەکرێدانى هێلکەدان یان فرۆشتنى سپێرم، ئەو ئەندامەى لیژنەى باڵاى فەتوا جەختیکردەوە کە ئەو بابەتە لە شەرعدا رێگە پێدراو نییە.
دکتۆر ئاڤان سلێمان، پسپۆری منداڵی بلورى قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”لە كوردستان ئاماری تەواومان لەبەردەست نییە، چونکە ئەو بابەتە لە هەرێم جیاوازە و بەشێک لە خێزانەکان نایانەوێت کەس بزانێت، بەڵام لە جیهاندا ئامارى دانانى منداڵى بلورى زیاترە لە پێنج ملیۆن منداڵى بلورى”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح