ئەو کاڵەکەی کە دەستیبەسەردا گیراوە. فۆتۆ: کشتوکاڵی هەڵەبجە
لە مەرزی تەوێڵە - شوشمێ
نزیکەی 11 تۆن کاڵەک و گەنمەشامی خراپبوو دەستیبەسەردا گیرا
ژووری هەواڵ
لە مەرزی تەوێڵە – شوشمێ دەستگیرا بەسەر نزیکەی 11 تۆن کاڵەک و گەنمەشامی، کە دوای پشکنین دەرکەوتووە شیاوی خواردن نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27.5.2024، کەیوان مەنوجەر فەتاح، لێپرسراوی هۆبەی کەرەنتینەی مەرزی شوشمێ بە 964ـی راگەیاند، دەستیانگرتووە بەسەر هەشت تۆن و 500 کیلۆ کاڵەک و دوو تۆن و 340 کیلۆ گەنمەشامیدا کە لە ئێرانەوە هاوردەکراون و شیاو نەبوون بۆ خواردن.
لەدوای ئەوەی کە دەرکەوتووە کاڵەکەک و گەنمەشامییەکە خراپبوون، بڕیار دراوە بە گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتی ئێران.
بەگوێرەی رێنماییەکان، ماوەی دوو هەفتە دیاریدەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی هەر خواردن و کەلوپەلێکی خراپبو بۆ وڵاتی ئێران، ئەگەرنا بڕیاری لەنێوبردنی دەدرێت.