دیمەنی کولەکەی بەرهەمهاتوو _ وێنە: ئەرشیفی 964
پێنجوێنییەکان دەیچێنن
کولەکە؛ خەرجی و ماندوبوونێکی کەم و داهاتێکی باشتر
964+
ئەحمەد مستەفا
لە نوسینگە کشتوکاڵییەکان تۆوی کولەکە ناکەوێتە سەر زەوی و خێرا ساغ دەبێتەوە، جوتیارەکانی پێنجوێن چاویان لەسەرە ئەوەیە ئەمساڵ زیاتر لە پارساڵ بەرهەمی بهێنن.
کولەکە لە ماوەی 40 رۆژدا پێدەگات، بە گوێرەی سۆراغی 964 بێت، ئەم وەرزەی کشتوکاڵ 70%ی جوتیارەکانی سنووری پێنجوێن تاوەکو چەند دۆنمێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بە کولەکە دەچێنن.
بەشدار محەمەد، خاوەن نوسینگەی کشتوکاڵییە لە پێنجوێن بە 964ی وت، ئەو جوتیارانەی توانیبێتیان تۆوی کولەکە بگرنەوە کە کەڵکی بەرهەمی هەبێت، ئەمساڵیش بەرهەمەکانیان بڕشتی باشی دەبێت، ئەو تۆوەی ئێستا لە نوسینگەکانی کشتوکاڵ بەردەستن، تێکەڵە یان لە دەرەوە دابینکراون”.
وتیشی “کولەکە خەرجی و ماندوویەتی کەمە، زۆرێک لە جوتیارەکان روویان لە چاندنی کردووە، بۆیە ئەمساڵ خواستی زیاتری لەسەرەوە و من لە 30 کیسەی تۆو کە هەمبووە، سەرجەمیان تەواو بوون”.
ساڵی رابردوو نرخی کیلۆی کولەکە لە نێوان 500 دینار بۆ 900 دینار بووە، سەرەتای بەرهەمیش لە سەرووی هەزار دینار دەفرۆشرا، لە کاتێکدا ساڵانی پێشووتر تێکرا لە خوار 750 دینار یان 200 دینار بووە.
لە کاتی پێگەشتنی بەرهەم، زۆرینەی ئەو خواستەی لەسەر کولەکە هەیە، بازرگانە عەرەبەکانن، کە دەیبەن بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
مەزەندە وایە لە 81 هەزار و 762 دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە قەزای پێنجوێن بەرهەم بچێندرێت، پارساڵ 284 هەزار و 590 تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی لە تەماتە، شووتی، خەیار، کاڵەک، بیبەری شیرین و تون و کولەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بەرهەم هاتووە.
پێشتر، سامان کەریم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای پێنجوێن بە 964ـی وتبوو “بەهۆی نەبوونی کارمەند و پێداویستی نەتوانراوە ئامارێکی ورد بەدەستبخەن، بەڵام بە شێوەیەکی رێژەیی زیاتر لە 150 هەزار تۆن تەماتە و خەیار و کولەکە بەرهەم هاتووە و زیاتر لە 100 هەزار تۆن شووتی و 100 هەزار تۆنیش کاڵەک بەرهەم هاتووە و خراوەتە بازاڕەکانی کوردستان و عێراقەوە”.