مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی دوو پڕۆژە لە قەزای خەلیفان. وێنە: ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
لە سێکتەری جیاواز
خەلیفان کۆمەڵێک پرۆژەی نوێی پێگەیشت
964+
بەهرە محەمەدئەمین
بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گرنگ لە قەزای خەلیفان دانرا، ئیدارەی قەزاکە دەڵێن پرۆژەی زەخمی تریش بەڕێوەیە بە تایبەت بۆ بێئاوی.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ هەردوو پڕۆژەی دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامەکانی گەڕەکی خەلیفانی نوێ، کۆنکرێتکردنی رێگای سەرەکی قوتابخانەی جۆلەمێرگی خواروو لە گەڕەکی خەبات، بە گوژمەی 842 ملیۆن دینار دانراوە.
بە پێی راگەیەندراوەکە، لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژانەدا، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاندووە، “پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە سێکتەری ئاودا بەڕێوەیە، کە کێشەی کەمئاوی لە قەزاکە چارەسەر دەکات”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ دانانی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی، سەردانی دەڤەرەکە دەکات.
لە رێکەوتی هەشتی ئابی ساڵی رابردوو بڕیاری بە قەزابوونی خەلیفان درا، لەو کاتەوە چەندین پڕۆژەی تێدا ئەنجامدراوە، لەوانەش دووسایدی سپیلک بۆ خەلیفان، کە بەرپرسانی ناوچەکە بە پرۆژەیەکی ستراتیژی ناوی دەبەن و گوژمەکەی 76 ملیار و نیوە.